دیمانه‌ی تایبه‌تی گۆڤاری شه‌قام له‌گه‌ڵ هاوڕێ سمکۆ یه‌زدانپه‌نا سکرتێری گشتی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان.

  • پێنج شەممە, 02 خاکەلێوە 777
  • نووسراوە لەلایەن:  سازدانی دیدار: ساکار ئه‌بوبه‌کر.
  • قەبارەی فۆنت کەمکردنەوەى قەبارەی فۆنت زیادکردنی قەبارەی فۆنت

شه‌قام :چرکردنه‌وه‌ی گه‌مارۆکان و گۆڕانکاریه‌کانی ناوچه‌که،‌ چکاریگه‌ریه‌کی به‌سه‌ر ئێرانه‌وه‌ ده‌بێت؟

سمکۆ یه‌زدانپه‌نا:به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ، روخانی ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌کانی ناوچه‌که‌ و به‌ره‌و دیموکراتیزه‌ بوونی رۆژهه‌ڵاتی ناوین و به‌ تایبه‌تیش هه‌لو مه‌رجی  قه‌یراناوی سوریا و مه‌ترسی روخانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ئه‌سه‌د وه‌ک تاکه‌ ده‌وڵه‌تی هاوپه‌یمانی ئێران ، کاریگه‌ریه‌کی زۆری له‌سه‌ر کۆماری ئیسلامی ئێران  ده‌بێت و ئه‌و وڵاته‌ی توشی گێژاوێکی سیاسی له‌ بن نه‌هاتوو کردووه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و شه‌پۆله‌ ناره‌زایه‌تیه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌کان ، که‌ به‌ به‌هاری عه‌ره‌بی ناسراوه‌ ، تا ئێستا چه‌ندین جار گه‌یشتۆته‌ ناو ئێرانه‌وه‌، به‌ڵام به‌ هۆی پشتگیری کردنی وڵاتانی رۆژئاوا له‌ کۆماری ئیسلامی شکستی پێهاتوه‌.ئه‌وه‌ رای تایبه‌تی خۆمه‌ و له‌ زۆربه‌ی کۆڕ و کۆبونه‌وه‌کانیش دا به‌ راشکاوی رامگه‌یاندوه‌، دژایه‌تی کردنی ئه‌مریکا و ئێران به‌ شێوه‌کی روکه‌شه‌وه‌ ل؛ه‌ راستی دا و له‌ ئه‌و دیوی په‌رده‌ که‌وه‌ ، پێوه‌ندی و هاوکاری به‌ هێزیان هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌مریکا زۆر جار بۆ سه‌رکوت کردنی خه‌لکی خرۆشاوی ئێران ، زانیاری به‌ کۆماری ئیسلامی داوه‌. ده‌سه‌ڵاته‌ پاوه‌نخوازه‌کانی هاوشێوه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سه‌ر بنه‌مای خوێن رێژی و زۆرداری و سه‌رکوت، کۆڵه‌که‌کانی ده‌سه‌ڵاتیان داڕشتوه‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ش له‌رزۆک بوونی کۆڵه‌که‌کانیان هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای خوێن رێژی و زۆر داریه‌. هه‌ر وه‌ک ئه‌و په‌نده‌ کلوردیه‌ی که‌ ده‌ڵێت هه‌موو شت له‌ باریلکی دا ده‌پسێت به‌ڵام زوڵم و زۆرداری له‌ ئه‌ستوری دا. بۆیه‌ شه‌پۆلی گۆڕانکاریه‌کانی یه‌خه‌گیری کۆماری ئیسلامی ده‌بێته‌وه‌ ، هه‌ر وه‌ک چۆن یه‌خه‌گیری به‌شار ئه‌سه‌د بوه‌وه‌.ئه‌گه‌ر تا دوێنێ ئه‌مریکا له‌به‌ر هێنده‌ک به‌رژه‌وه‌ندی له‌ دژایه‌تی کردنی ئێران جدی نه‌بوه‌، ئه‌وه‌ ئێستاکه‌ ناچاره‌ روانگه‌ی خۆی له‌هه‌مبه‌ر ئێران و سه‌رجه‌م رژیمه‌ دیکتاتۆره‌کانی ناوچه‌ بگۆڕێت.

شه‌قام:ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ چ کاریگه‌ریکی له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی رزگاری خوازی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌بیت؟

سمکۆ یه‌زدانپه‌نا:ئێمه‌ وێڕای پاڵپشتی ده‌ربڕین له‌ هه‌لومه‌رجی زیاد کردنی گه‌مارۆکانی سه‌ر کۆماری ئیسلامی، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین که‌ گه‌مارۆکان به‌ ته‌نیایی یه‌ک لاکه‌ره‌وه‌ نین. ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ ئه‌گه‌ر هه‌نگاوی جدی له‌ پشت نه‌بێت ته‌نیا خه‌ڵکی ئیران و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان لاواز ده‌کات.من ده‌سه‌ڵاتێکم پێ شک نایه‌ت که‌ له‌ رێگای گه‌مارۆی ئابوری و سیاسیه‌وه‌ روخابێت. نمونه‌ی هه‌ره‌ به‌رچاو، رژیمی به‌عسه‌ که‌ له‌ ساڵی 1991ه‌وه‌ تا 2003 روبه‌ڕووی گه‌مارۆیه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بوه‌وه‌ و باجه‌که‌ی ته‌نیا له‌ لایه‌ن خه‌ڵکی که‌مده‌رامه‌ت و هه‌ژاری ئێراق درا و له‌ کۆتاییش دا له‌ رێگای سه‌ربازیه‌وه‌ روخا.

شه‌قام:خوێندنه‌وه‌تبه‌رانبه‌ر ئه‌و شه‌پۆله‌ نوێێه‌ی گوشار و هێرش کردن سه‌ر چالاکڤانانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چیه‌؟
سمکۆ یه‌زدانپه‌نا:ئێمه‌ سه‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ چڕتر کردنه‌وه‌ی گوشاره‌کانی ئێران بۆ سه‌ر چالاکڤانانی مه‌ده‌نی و سیاسی کورد به‌ توندی ئیدانه‌ ریسوا ده‌که‌ین، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین که‌ کۆماری ئیسلامی وه‌ک نه‌ریته‌کی هه‌میشه‌یی و بۆ هه‌ره‌ زیاتر خنکاندنی ئازادیه‌کان ، هه‌ر چه‌ند ماوه‌ی جارێک ده‌ست ده‌داته‌ به‌ر شه‌پۆلێکی ئه‌وه‌ها به‌رفراوانی گرتن و سه‌رکوت کردنی خه‌ڵک، له‌و نێوه‌نده‌شدا چالاڤانانی کورد بوونه‌ته‌ ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌و شه‌پۆله‌ و به‌ پاساوگه‌لێکی بێ بنه‌مای وه‌ک ئه‌ندامێتی له‌ پارته‌ کوردیه‌کان، هاوکاری کردنی ئه‌مریکا و ئیسڕائیل،دژایه‌تی کردنی دینی خوا و هتد...، راپێچی به‌ندیخانه‌کان ده‌کرێن. بزوتنه‌وه‌ی رزگاری خوازی کورد له‌ رۆژهه‌ڵات وه‌کوو هه‌ر دیارده‌یه‌کی دیکه‌ ، له‌گه‌ل هه‌لومه‌رجه‌کان گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتوه‌ و هێنده‌ک جار به‌ هێز و هێنده‌ک جار لاواز بوه‌. به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی ، به‌رده‌وام بوونی له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه‌ هه‌تاکوو ئێستا ، ئه‌وه‌ی سه‌لماندوه‌ که‌ زیاد بوونی سه‌رکوت و زوڵم و زۆری نابێته‌ هۆی راوه‌ستانی شۆڕش.هه‌ر وه‌ک چۆن ده‌وڵه‌تانی ئێراق و تورکیه‌ و سوریاش سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو کوشتن و بڕینه‌، نه‌یانتوانی بۆ رۆژێکیش بێت کاروانی خه‌باتی رزگاریخوازی کورد بوه‌ستێنن.

شه‌قام:پێگه‌ی کورد له‌ هاوکێشه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کاندا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟

سمکۆ یه‌زدانپه‌نا:به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ ئێستاکه‌ کێشه‌ی کورد سنوره‌ ناوخۆییه‌کانی ته‌نیوه‌ و بۆته‌ کێشه‌ییه‌کی نێوده‌وڵه‌تی و توانیویه‌تی پاڵپشتی زۆرێک له‌ وڵآته‌ رۆژئاواییه‌کان بۆ خۆی مسۆگر بکات. ئه‌مریکا له‌ پرۆژه‌ی به‌ره‌و دیموکڕاتیزه‌ کردنی ناوچه‌که‌ که‌ به‌ پڕۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوینی گه‌وره‌ ناوزه‌د کراوه‌،  پێگه‌یه‌کی گرینگی بۆ کورد ته‌رخان کردوه‌ و پێشبینی ده‌کرێت که‌ له‌ داهاتوویه‌کی نزیک دا ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان رابگه‌یه‌ندرێت. به‌ڵآم نه‌بوونی هاوده‌نگی و یه‌ک هه‌ڵویستی حیزب و هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان ، ماوه‌که‌ درێژتر ده‌کاته‌وه‌.

شه‌قام:هۆکاره‌کانی دروست نه‌بوونی به‌ره‌ی کوردی له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ چی ده‌گه‌ڕێنیه‌وه‌؟

سمکۆ یه‌زدانپه‌نا:نازانم بڵێم به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ یان به‌ داخه‌وه‌، ئێستاکه‌ نیزیکه‌ی 16-17 حیزبی سیاسی بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان خه‌بات ده‌که‌ن به‌ڵام تائێستاکه‌ نه‌یانتوانیه‌وه‌ هیچ کۆده‌نگیه‌ک له‌ به‌ینی خۆیان دا دروست بکه‌ن. له‌ ساڵانی رابردوو دا زۆر هه‌لی زێرینی وه‌ک شۆڕشی گه‌لانی ئێران، شه‌ڕی ئێراق و ئێران و... له‌به‌ر ده‌م هێز  لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی رۆژهه‌ڵات ره‌خساوه‌ تا به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوو پێکبهێنن، به‌ڵام مه‌خابن نه‌یانتوانیه‌وه‌ له‌ ئاست به‌رپرسیاره‌تیه‌کانیان بجوڵێنه‌وه‌. سه‌ره‌کی ترین به‌ربه‌ست له‌به‌ر ده‌م دروست بوونی به‌ره‌ی کوردستانی له‌ رۆژهه‌ڵات بۆ یه‌کتر قه‌بوڵ نه‌کردنی حیزبه‌کان و سه‌رکرده‌کانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئێمه‌ هه‌موو له‌ شاخ له‌ دایک بووین، ئێمه‌ حیزبی کۆمه‌ڵگای ئازاد نین و له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد  کراوه‌دا کارمان نه‌کردوه‌. پرۆژه‌کلانمان پڕۆژه‌ی به‌رێوه‌ بردنی وڵات ( مه‌ده‌نی) نه‌بوه‌، به‌ڵکو پرۆژه‌ی رزگاری وڵآت(سه‌ربازی) بووه‌، بۆیه‌ رۆحی یه‌کتر قه‌بووڵ کردنمان نیه‌ و هه‌موو پێمان وایه‌ به‌ ته‌نیا رزگار که‌ری ئه‌و میله‌ته‌ین و به‌ ته‌نیاش ده‌توانین پشتی ئه‌و دیکتاتۆڕه‌ له‌ عه‌رز بده‌ین. به‌ گشتی حیزبه‌کانی کوردستان به‌رنامه‌ی درێژخایه‌نی ئیستراتژیکیان نیه‌ و تاکتیکی ده‌جوڵێنه‌وه‌. سه‌ڕه‌رای ئه‌وانه‌ش، ئێمه‌ی کورد که‌لتوری یه‌کگرتویی و یه‌کتر قه‌بووڵ کردنمان نیه‌. زۆر به‌ داخه‌وه‌، ئێستا ئه‌گه‌ر بێتوو فارسێک بانگه‌وازی به‌ره‌ بکات زۆر حیزبی کوردی هه‌یه‌ که‌ سه‌ر و ملی خۆیانی بۆ ده‌شکێنن و ده‌چن تێیدا به‌شدار ده‌بنبه‌ بێ ئه‌وه‌ی که‌ ده‌نگێکی بوێرانه‌شیان لێ بێته‌ ده‌رێ. هێنده‌ک حیزبی کوردی هه‌یه‌ پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر بێتوو به‌ره‌یه‌کی کوردستانی دروست بیت، ئیتر مه‌قبوڵیه‌تی له‌ نێو فارس دا نامێنێت. ئه‌وڕۆکه‌ هێنده‌ک فارس هه‌ن مانۆڕ ده‌ده‌ن له‌ نێو گۆڕه‌پانی سیاسی کوردی دا . به‌ قه‌ولی رێبه‌ری هه‌میشه‌ زیندوومان کاک سه‌عید ده‌ڵێت"ده‌بێ ئێمه‌ ئه‌و سامه‌ بشکێنین و به‌ بێ ترس و دودڵی بڵێین که‌ ئێمه‌ کوردین و خه‌ڵکی وڵاتی داگیرکراوی کوردستانین و به‌ بێ ئه‌وه‌ی که‌ بترسین که‌ پێمان بڵێن جودایی خواز(ته‌جزیه‌ ته‌ڵه‌ب)''.به‌ره‌ی کوردستانی له‌ پێش هه‌موو شت دا شه‌هامه‌ته‌.له‌ هه‌مان کاتیشدا حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بیر له‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک یه‌ک بگرن؟ حیزبێک تا سه‌ر ئێسقان پابه‌نده‌ به‌وه‌ی که‌ جوگرافیای سیاسی ئێران هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌، حیزبێک تا سه‌ر ئێسقان فیدڕاڵی خوازه‌، ئێمه‌ مانان سه‌ربه‌خۆ خوازین.یانی هێشتا نه‌بووینه‌ته‌ خاوه‌نی ستراتژیه‌کی هاوبه‌ش که‌ بیر له‌ چاره‌نوسی 13 ملوێن کوردی رۆژهه‌ڵات بکه‌ینه‌وه‌.

شه‌قام:حزبه‌کانی رۆژئاوای کوردستانیش له‌ دایک بووی شاخ و قۆناغی ژێرده‌سته‌یین، ئه‌ی بۆچی ئه‌وان توانیان به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتو پێکبهێنن؟
سمکۆ یه‌زدانپه‌نا:رۆژئاوای کوردستان سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی که‌ ژوماره‌ی دانیشتوانی به‌قه‌ده‌ر نیوه‌ی دانیشتوانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان نابیت ، 12_13 حزبی له‌ دایک بووی شاخ و ژێر گوشاری هه‌یه‌ که‌ ئه‌وان به‌ داخه‌وه‌ زۆر له‌ ئێمه‌ په‌رته‌وازه‌تر و ناکۆکتر بوون. به‌ڵام به‌ خۆشیه‌وه‌ له‌ ده‌ستپێکی راپه‌ڕینه‌کان ، هیچ ده‌ره‌تانێک نه‌ما که‌ ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌نجومه‌نێکی سه‌رکردایه‌تی هاوبه‌شیان نه‌بێت له‌ هه‌ر گۆڕانکاریه‌ک دا مافیان ده‌فه‌وتێت و کورد هیچ سه‌نگێکی نابێت، به‌ ناچاری له‌یه‌ک نزیک بوونه‌وه‌ .  به‌ڵام ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت حزبه‌کانی ئه‌و به‌ره‌یه‌ هێنده‌ک ناکۆکیان له‌گه‌ڵ یه‌ک هه‌ر ماوه‌ . به‌ بڕوای من ، ئه‌گه‌ر بێتوو که‌شێکی وا له‌ رۆژهه‌ڵآتی کوردستان بێته‌ دی ئه‌و کات ئێمه‌ش ناتوانین وا نابه‌رپرسیارانه‌ بجوڵێینه‌وه‌ و هیچ ده‌ره‌تانێکام نابێت جگه‌ له‌وه‌ی که‌ له‌ ناو به‌ره‌یه‌ک دا به‌ هاوبه‌شی خه‌بات بکه‌ین. هه‌رچه‌ند من هه‌میشه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ی گیڤارا ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ شۆڕشگێڕی ژیر ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌لومه‌رج دروست بکات نه‌ک هه‌لومه‌رج ئه‌و درست بکات. به‌ڵام وێڕای ئه‌مانه‌ش ، به‌ره‌ له‌ ژێر هه‌ر هه‌لومه‌رجێک دا پێک بێت، هه‌ر جێگای رێز و ده‌سخۆشیه‌.

شه‌قام:به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد تا چه‌ند به‌ پێویست ده‌زانیت و بۆچی تا ئێستا ئه‌و کۆنگره‌یه‌ نه‌به‌ستراوه‌؟

سمکۆ یه‌زدانپه‌نا:هه‌روه‌ک ئاگادارن له‌ ساڵی 2008ه‌وه‌ تاکوو ئێستا به‌ مه‌به‌ستی دروست کردنی یه‌کده‌نگی و یه‌کخستنی گوتاری کوردی و له‌سه‌ر پێشنیاری کاک مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان کار بۆ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گشتگیری هه‌موو پارت و هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان ئه‌کرێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ تا ئه‌مانهه‌وێت له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ نزیک بینه‌وه‌ کێشه‌یه‌ک ده‌خولقێنرێت، بۆ نموونه‌ له‌ مانگی 10ی ساڵی رابردوو دا ئه‌و باسه‌ باسێکی گه‌رمی رۆژ بوو که‌ له‌ پڕدا کێشه‌ی زاخۆ و ده‌ڤه‌ری بادینانی به‌سه‌ردا دێت و سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له‌ باشور به‌و بابه‌ته‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌کرێت، له‌گه‌ڵ رێزم دا خه‌لکی ئازادیخوازی باشور هێنده‌ک جار ده‌ستی ده‌ره‌کی ناخوێننه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ئێمه‌و مانانیش باس له‌ ده‌ستی ده‌ره‌کی بکه‌ین به‌ پاڵپشتی کردن له‌ ده‌سه‌ڵات تۆمه‌تبار ده‌کرێین.به‌ گشتی ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌م هه‌له‌ بره‌خسێت که‌ سه‌رجه‌م حزبه‌کانی کوردستانی مه‌زن له‌ ده‌وری یه‌ک کۆ بکاته‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ خاڵێکی وه‌رچه‌رخانی زۆر گه‌وره‌ و گرینگ له‌ مێژووی کوردایه‌تی دا که‌ سه‌رکرده‌کانی سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌کانی کوردستان به‌ بێ په‌راوێز خستنی ئه‌م و ئه‌و له‌ ده‌وری یه‌ک کۆ ببنه‌وه‌ بۆ رێکخستنی گوتاری کوردی.به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌ باکور بڕیار به‌ده‌ستێک به‌ ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان هه‌یه‌ که‌ له‌ 98% بۆچوونه‌کانیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان له‌یلا زانا و ئه‌حمه‌د تورک و سه‌رکرده‌کانی پارتی ئاشتی و دموکڕاسی یه‌ک ده‌گرێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌.که‌واته‌ ده‌مڕاست و مه‌رجه‌عێک هه‌یه‌ که‌ به‌ لانی که‌مه‌وه‌ 80%ی خه‌ڵک ده‌زانێت بۆ بڕیاره‌ چاره‌نوس سازه‌کان روو له‌ کوێ بکات، له‌ باشوری کوردستانیش وێڕای بوونی ئۆپۆزسیون به‌ڵام له‌ پرسه‌ چاره‌نوس سازه‌کان دا کۆکن و سه‌رکردایه‌تیه‌کی یه‌ک لاکه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ 70%ی خه‌ڵک ده‌نگیان پێداوه‌ و ئه‌ویش کاک مه‌سعود بارزانیه‌، له‌ رۆژئاوای کوردستانیش ئێستا ئه‌نجومه‌نێکی سه‌رکردایه‌تی هاوبه‌ش هه‌یه‌ که‌ ده‌زانێ ئاراسته‌که‌ی به‌ره‌و کوێ به‌رێت و خه‌ڵکیش گوێڕایه‌ڵیه‌تی.ته‌نها له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا ناوه‌ندێکی بڕیار دان نیه‌ ، بۆیه‌ خه‌ڵک توشی سه‌ر لێشێواوی ده‌بێ، ئه‌گه‌ر بێتوو کۆنگره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له‌ باشور ببه‌سترێت و ئێمه‌مانان که‌ ده‌چین له‌وێ داده‌نیشین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ یه‌ک ده‌نگنین ناتوانین بۆ خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان یه‌ک لاکه‌ره‌وه‌ بین و ئه‌مه‌ لاوازیه‌که‌ که‌ له‌ چاو پارچه‌کانی تری کوردستان به‌ ئێمه‌وه‌ دیاره‌.

شه‌قام:ئایا پێوه‌ندیه‌کانی ئێران و هه‌رێمی کوردستان کاریگه‌ری له‌سه‌ر چالاکیه‌کانی ئێوه‌ داناوه‌؟

سمکۆ یه‌زدانپه‌نا:پێوه‌ندیه‌کانی ئێران و هه‌رێمی کوردستان له‌و ئاسته‌ به‌هێزه‌دا نیه‌ که‌ بتوانێت کاریگه‌ری بخاته‌ سه‌ر ئازادی چالاکیه‌کانی حزبه‌ رۆژهه‌ڵاتیه‌کانه‌وه‌ و به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ تا دێت ئه‌و پێوه‌ندیانه‌ که‌مڕه‌نگتر ده‌بنه‌وه‌، بۆ نموونه‌ به‌شداری کۆمپانیاکانی ئێران له‌ بازاری ئابووری هه‌رێمی کوردستان دا به‌ رێژه‌یه‌کی به‌رچاو روو له‌ که‌مبوونه‌وهیه‌‌ و به‌ پێی ئاماره‌ نافه‌رمیه‌کان به‌شداری کۆمپانیاکانی ئێران له‌ بازاره‌کانی هه‌رێم دا له‌ چاو ساڵانی رابردوو 70% که‌می کردوه‌.حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رێگر نیه‌ له‌به‌رده‌م چالاکیه‌کانی حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات دا به‌ڵکوو ئه‌و حزبانه‌ خۆیان بۆله‌ به‌رچاو گرتنی بارودۆخی باشور چالاکییه‌کانیان سنوردار کردوه‌، به‌ تایبه‌تی ئێمه‌ وه‌ک یه‌کێتی شۆڕشگێڕان وه‌ک حزبێکی ناسیونالیستی سیاسی که‌ له‌ تیۆری دا باوه‌ڕی به‌ کوردستانی گه‌وره‌ هه‌یه‌ و هه‌موو کورد له‌ چوار پارچه‌ی کوردستان به‌ یه‌ک چاو چاو لێده‌کات به‌ شانازیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌و پارچه‌یه‌ له‌ کوردستان که‌ گه‌شتوه‌ته‌ نیوه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌ک، هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ هێنده‌ک ورد بینانه‌ تر بڕوانینه‌ کردارمان تا له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ زیانێک به‌و به‌شه‌ نه‌گات به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیش دا له‌ چالاکی خۆمان نه‌وه‌ستاوین ، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه‌ که‌ به‌ پێی هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌م شێوازی خه‌باته‌که‌مان گۆڕیوه‌.

شه‌قام: ئاڵترناتیوتان بۆ قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامی ئێران چییه‌؟
سمکۆ یه‌زدانپه‌نا:به‌ بڕوای من جوگرافیای سیاسی ئێران له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌ چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ پێکهاتووه‌ له‌ دوای کۆماری ئیسلامی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و به‌سه‌ر چه‌ن وڵاتێکی تازه‌ له‌ دایک بوودا دابه‌ش ده‌بێت که‌ ئه‌مه‌ له‌ پرۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوینی ئامریکا دا وه‌ک کۆلۆنیالیستێکی گه‌نجی دونیا  به‌دی ده‌کرێت، من پێم وایه‌ به‌شداری کردنی کورد له‌ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فێدڕاڵ ده‌بێته‌ هۆی خزمه‌ت کردنی نه‌ته‌وه‌ی فارس بۆ مانه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات دا، ئه‌و قۆناغه‌ یه‌کێک له‌ باشترین ده‌رفه‌ته‌کانه‌ که‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌ره‌خسێت. ئێستا که‌ کورد توانیویه‌تی خۆی به‌ دونیای ده‌ره‌وه‌ بناسێنێت ، به‌ تایبه‌تی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌زموونی حکومه‌تی کوردی له‌ باشور به‌ دونیای ده‌ره‌وه‌ی سه‌لماندوه‌ که‌ کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیموکڕاسی خواز و ئاشتیخوازه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتان و نه‌ته‌وه‌کانی دونیا دا ده‌توانێت پێوه‌ندی به‌رقه‌رار بکات، من هه‌روه‌ک له‌ وتاره‌کانی رابردووشمدا باسم کردووه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک فدرالیزمی زۆره‌ ملی ره‌ت ده‌که‌مه‌وه‌ و نامهه‌وێ هیچ ئاڵترناتیوێک جگه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جوگرافیای سیاسی ئێران ببینم، دونیای ده‌ره‌وه‌ش ناخوازێت ئێران به‌و نه‌خشه‌یه‌ی ئێستای بمێنێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ به‌ گه‌شبینیه‌وه‌ ده‌ڕوانمه‌ داهاتووی کورد و سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌کانی ئێران، ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌ نیه‌ که‌ خوێن ناڕێژرێت ، هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بگاته‌ مافه‌کانی خۆی ده‌بێ قوربانی بدات و به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ نه‌ریتی ئه‌و گه‌لانه‌یه‌ که‌ ده‌یانهه‌وێت له‌ ژێرده‌سته‌یی رزگاریان بێت

چوار شەممە, 04 نیسان 2012

 

خوێندنەوە 992 جار
دەنگ بدە بەم بابەت
(1 دەنگدان)
بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێکەوتن
خوێندنەوە کد خبر: 216

نووسینی بۆ چوون

دڵنیابە لەوەى بۆشایی (*)پڕکردووەتەوە.کۆدی هتمڵ ناچالاکە.

راپۆرتی کەناڵی وار تیڤی لەسەر تێکەڵبوونی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە پارتی ئازادی کوردستان

دوایین هەواڵەکان

روک تیڤی

Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی
Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی
Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی
Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی

roji-kurd

ئەرشیڤی رۆژنامەی رۆژی کورد:

1  2 3 
 5
 9  10  11  12
13  14   15  16

لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان دا بن:

هەواڵنامەی ماڵپەڕەکەمان