چاوپێكەوتنی گۆڤاری كەوانە- ژماەی 11 - لەگەڵ بەڕێز: سمکۆ یەزدانپەنا، سکرتێری گشتی" یەکێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان"

  • پێنج شەممە, 25 بەفرانبار 1393
  • نووسراوە لەلایەن:  rukurdistan
  • قەبارەی فۆنت کەمکردنەوەى قەبارەی فۆنت زیادکردنی قەبارەی فۆنت

***تەوەری باسەكەمان پرسی رۆژهەڵاتی كوردستان ‌و ئێران ‌و ناوچەكەیە***

1-بەڕێز كاك سمكۆ یەزدانپەنا كورتەیەك لە ساڵی دەمەزراندنی حزبەكەتان باس بكەن ‌و ئایا ئێوە لە حزبێك جیا بوونەتەوە، یان حزبێك هەبووە لە حزبەكەتان جیا ببێتەوە، یان لەگەڵا حزبێكدا یەك بگرنەوە؟

وڵامی 1-

به‌ر له‌ هه‌ر شتێک پێویسته‌ پێتان بڵێم ئه‌وه‌ی که‌ حزب ده‌خولقێنێت زه‌روره‌تی مێژووییه‌ و هه‌ر ئه‌و زه‌روره‌ته‌شه‌ که‌ ده‌یهێڵێته‌وه‌، یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان زه‌روره‌تی بوونی هه‌ست پێکراو بوو، ئه‌م حزبه‌ بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک بۆشایی له‌ گۆڕه‌پانی رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێی نایه‌ گۆڕه‌پانی خه‌باته‌وه‌.

هه‌ر ئه‌وه‌ش وای کرد دوای تاوتوێ کردن و گه‌ڵاڵه‌ کردنی بناغه‌ فکری و سیاسیه‌کانی له‌ لایه‌ن کاک سه‌عیدی یه‌زدانپه‌نا و کۆمه‌ڵێک له‌ هاوبیرانی له‌ 30 گوڵانی 2691ی کوردی به‌رامبه‌ر به‌ 20ی مای  1991ی زایینی له‌ راگه‌یندراوێک دا دامه‌زراندنی خۆی راگه‌یاند.

یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان وه‌ک حزب له‌ هیچ حزب و لایه‌نێکی دیکه‌ جیا نه‌بۆته‌وه‌ ، به‌ واتایه‌کی دیکه‌ یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان مونشه‌قق یا هه‌ڵقوڵاوی ناو حزبێکی دیکه‌ نه‌بوو، به‌ڵام دامه‌زرێنه‌رانی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان پێشینه‌ی سیاسیان بۆ پێش دامه‌زراندنی یه‌کێتیه‌که‌مان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

له‌ وڵامی ئه‌وه‌ی که‌ که‌سێک یان حزبیک له‌ ئێمه‌ جیا بۆته‌وه‌ ده‌بێ بڵێم به‌ داخه‌وه‌ به‌ڵێ جیا بونه‌ته‌وه‌، له‌ ساڵی 2007 کۆمه‌ڵه‌ که‌سێک له‌ ئێمه‌ جیا بوونه‌ته‌وه‌ و ناوی خۆیان ناوه‌ پارتی ئازادی کوردستان.

2-تا ئێستا هەوڵتان داوە لەگەڵا حزبە رۆژهەڵاتییەكانی كوردستاندا یەك بگرنەوە وەك بەرەیەكی هاوبەش لە كاروباری سیاسیی داهاتووی ئێران‌و كوردستاندا؟

وڵامی 2-

ئێمه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان نوسراو و نامیلکه‌ی تایبه‌ت به‌ کار کردن بۆ پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانیمان گه‌ڵاله‌ کرد و کارمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌ک یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌ گرنگه‌ حزبیه‌کانمان روانیوه‌.

هه‌ر له‌و پێوه‌ندیه‌دا له‌ یه‌کێک له‌ نامیلکه‌کانی کاک سه‌عیدی یه‌زدانپه‌نا له‌ ژێر ناوی'' یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان باشتر بناسین'' هاتووه‌:'' به‌ره‌ی کوردستانی زه‌روره‌تێکی هه‌ست پێکراوه‌ و پێکهێنانی به‌ره‌ یه‌کێک له‌ پێش مه‌رجه‌کانی سه‌رکه‌وتنی رزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌که‌مان له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌''. ئێمه‌ به‌ درێژایی ئه‌م دوو ده‌یه‌ له‌ خه‌باتمان به‌رده‌وام بانگه‌وازمان بۆ ئه‌و پێویستیه‌ هه‌ست پێکراوه‌ کردووه‌.

چه‌ندین جار چه‌ن حزبێک به‌ مه‌به‌ستی پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی له‌ ده‌وری یه‌ک کۆبوینه‌ته‌وه‌ به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ بێ ئاکام ماوه‌ته‌وه‌، زه‌قترینی ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ی که‌ به‌ مه‌به‌ستی پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی کۆی کردینه‌وه‌ له‌ مانگی مارسی ساڵی 2006 دا بوو که‌ به‌ڕێز دوکتور سامان شاڵی رۆڵی تێدا ده‌گێڕا و چوار حزبی کوردستانی له‌ چه‌ن جه‌له‌سه‌یه‌ک دا تاوتوێی هه‌لومه‌رجه‌که‌مان کرد و مه‌خابن نه‌گه‌شتینه‌ ئاکام.

ئێستاش که‌ ده‌بینین له‌ ساڵی 2007 دا زۆربه‌ی حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ خۆشمانه‌وه‌ توشی ئینشعاب و دو له‌ت و سێ له‌ت بووین، جا به‌م حاڵه‌وه‌ ئیتر زۆر ئاسته‌مه‌ بتوانین به‌ره‌یه‌ک پێکبهێنین، به‌ڵام به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ کار کردن بۆ پێکهێنانی به‌ره‌.

3-پێگەی ژنان لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا لە چ ئاستێكدایە؟

وڵامی3-

تا رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران وه‌ک داگیرکه‌ری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ ده‌سه‌ڵات دا بمێنێت، نه‌ ژن و نه‌ پیاو پێگه‌ی شیاوی خۆیان له‌ کۆمه‌ڵگادا نابێت.

4-بە بۆچوونی ئێوە ژنان لە داهاتووی ئێران‌و كوردستاندا دەبێ چ رێژەیەكیان لە پەرلەماندا بەشدار بن؟

وڵامی 4-

ئه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ئاستی چالاکی خودی ژنان چ له‌ رۆژهه‌ڵات و چ له‌ ئێران دا.

هه‌روه‌ها پێوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ژنانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چه‌نده‌ له‌ پرسه‌ سیاسیه‌کانی ئه‌مڕۆ و دوارۆژی کوردستان دا رۆڵیان هه‌بێت.

یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان هه‌روه‌ک کار ئاسانی بۆ پیاوان کردووه‌ تا له‌ سه‌رکردایه‌تی و لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵات دا بن هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش کاری کردووه‌ تا ژنانی نێو ریزه‌کانی بگه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات و له‌ بڕیاره‌ چاره‌نوس سازه‌کان دا رۆڵیان هه‌بێت، هه‌ر ئێستا یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان خاوه‌ن چه‌ندین ژنه‌ له‌ کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبه‌که‌مان.

5-ئەگەری زۆر لە ئارادایە لە چەند ساڵی داهاتوودا حكومەتی ئیسلامی ئێران بڕووخێت، سیستمی پێشنیاریتان یان سیستمی هەڵبژاردەتان بۆ دوای رووخانی ئێران چی دەبێت؟

وڵامی 5-

یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان له‌سه‌ربنه‌مای ئه‌و ئه‌رکه‌ مێژووییه‌ی که‌ پێی سپێردراوه‌ کار ده‌کات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جوگرافیای سیاسی ئێران، واته‌ ئێمه‌ باوه‌ڕمان وایه‌ که‌ ئێستای ئێران به‌ نه‌ته‌وه‌ و خاکه‌کانیانه‌وه‌ به‌ زۆر به‌ یه‌که‌وه‌ لکێندراون و چ له‌ رابردوو و چ ئێستاش نه‌ گه‌لی کورد و نه‌ گه‌لانی دیکه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ رازی به‌وه‌ نه‌بوون و نین که‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ حوکمی سیاسیان بکات.

به‌ڵام بۆ دوارۆژی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان گومان له‌وه‌ه‌دا نیه‌ که‌ ئێمه‌ هه‌وڵی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی دیموکڕاتیک ده‌ده‌ین بۆ ئیداره‌ی وڵات و ده‌وڵه‌ت ده‌بێ چاودێر بێت و گه‌لیس خاوه‌ندار.

6-دەبێ ژێرخانە ئابورییەكانی كوردستانی رۆژهەڵات لە چیدا خەرج بكرێن‌و بۆ چ مەبەستێك بە كار بێن؟

وڵامی 6-

له‌ کۆمه‌ڵگایه‌ک دا که‌ ده‌وڵه‌تێکی دیموکراتیک حوکم ده‌کات زۆر ئاساییه‌ که‌ داهاتی ئه‌و وڵاته‌ بۆ گه‌شه‌ی گه‌ل و وڵات خه‌رج بکرێت، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پتر له‌ 100 ساڵه‌ داگیرکراوه‌ و بێگانه‌ له‌وپه‌ڕی دیکتاتۆریه‌ت دا حوکمی ئه‌و گه‌له‌ ده‌کات هه‌ر بۆیه‌ش گه‌ل و خاک به‌ره‌و پێش نه‌چوون و له‌ هیچ یه‌ک له‌ بواره‌کان دا گه‌شه‌ی نه‌کردووه‌.

7-دەڵێن لە وڵاتانی عەرەبیدا كە نەوتیان هەیە، داهاتی نەوتی مانگانە یان ساڵانە دەخرێتە حسابی بانكی یەك بە یەكی تاكەكانی كۆمەڵگەكەیان‌و هەندێكی بۆ خزمەتكردنی وڵاتەكەیان بە كار دێنن، بیرە نەوتەكانی داهاتووی كوردستانی رۆژهەڵات بۆ خەڵك دەبێ یان چۆن دەبێ؟

وڵامی 7-

ئه‌مه‌ دوره‌ له‌ راستی، چونکه‌ من ده‌وڵه‌تێکی عه‌ره‌بیم پێ شک  نایه‌ت که‌ له‌سه‌ر بنه‌ما دیموکراتیکه‌کان ده‌سه‌ڵاتی به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتبێت، هه‌ژاری و بێکاری له‌ وڵاتانی عه‌ره‌ب دا سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن که‌ داهاتی پێتڕۆڵی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌چێته‌ کیسه‌ی خه‌لیفه‌وه‌، واته‌ پوڵ و پاره‌ت نه‌وت ده‌وڵه‌ت ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتوه‌ و زۆر به‌ که‌می خه‌رجی گه‌سه‌ی تاکی عه‌ره‌ب ده‌کرێت.

سه‌باره‌ت به‌ چاڵه‌ نه‌وته‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش هه‌ر وه‌ک له‌ وڵامی پرسیاری پێشودا وتم ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێکی دیموکڕاتیک بنیات بنێین ئه‌وه‌ نه‌ک ته‌نیا داهاتی نه‌وت به‌ڵکوو سه‌رجه‌م داهاته‌کانی دیکه‌ی وڵات له‌سه‌ر بنه‌مای دیموکڕاتیزه‌ کردنی ئابووری بۆ هه‌مووان ده‌بێت و گه‌شه‌ی  تاک و کۆمه‌ڵیشی به‌ دواوه‌ ده‌بێت.

8-سیستمی پەروەردەیی ‌و ئابوری ‌و سیاسیتان لە داهاتوودا لە سەر چ رەوتێك دەڕوات؟

وڵامی 8-

هه‌وڵ ده‌ده‌ین که‌ له‌ هه‌ر سێ بواره‌که‌دا که‌سانی تێکنۆکڕات رۆڵیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر سێ پرسه‌که‌ که‌ زۆر حه‌یاتین به‌ ئاراسته‌یه‌کی دروست دا بڕۆن. ئێمه‌ که‌ له‌سه‌ر چوار دروشمی سه‌ره‌کیمان کار ده‌که‌ین واته‌: رزگاری سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی کوردی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وه‌ گومان له‌وه‌دا نیه‌ که‌ ئه‌گه‌ر بێتوو دادپه‌روه‌ری ویه‌کسانی له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌وڵه‌تی کوردستانی دابمه‌زرێت ، ئه‌وه‌ سیسته‌می ئابوری و سیاسی و په‌روه‌رده‌ییش هه‌ر داپه‌روه‌رانه‌ و ته‌ندروست به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

9-ئێوە لەگەڵا یەكگرتنەوەی چوارپارچەی كوردستاندا هەن، یان دەتانەوێ لە بەرەی فیدراڵی حزبە نەتەوەییەكانی ناو ئێراندا بن؟ یان بە شێوازێكی تر؟

وڵامی 9-

ئێمه‌ ئه‌ندامی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فدراڵ نین و ناشمانهه‌وێت ببین.

هه‌روه‌ک پێشتر باسم کرد ئێمه‌ کارت ده‌که‌ین بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جوگرافیای سیاسی ئێران بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌سه‌ر رۆشنبیری نه‌ته‌وه‌یی تاکه‌کانیکوردستان کار ده‌که‌ین که‌ سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی کوردی به‌ مافی خۆیان بزانن، که‌ دیاره‌ ئه‌وه‌ له‌ ئێرانێکی فدراڵ دا ده‌سته‌به‌ر ناکرێت، ئه‌زموونی باشوری کوردستان و عێراقی فه‌له‌جی فدرالیش هه‌ر ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، وێڕای ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م نمونه‌یه‌ی عێراق که‌ له‌ودا حکومه‌تی ناوه‌ندی له‌وپه‌ڕی لاوازیدایه‌ زۆر ئاسته‌مه‌ که‌ له‌ ئێران بێته‌ دی.

بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی کوردستانی مه‌زنیش سه‌ره‌تا پێویسته‌ هه‌رکام له‌ پارچه‌کانی کوردستان له‌ به‌ندی داگیرکاری رزگاریان بێت و بڕیاری سه‌ربه‌خۆییو دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی کوردی له‌ هه‌ریه‌ک له‌و پارچانه‌ بدریت و ئه‌و کات ئه‌و پرسه‌ ئاسانتر ده‌بێت.

10-هەموو وڵاتێكی عەرەبی بۆ خۆی وڵاتێكی سەربەخۆیە، ئایا كوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا بمێنێتەوە باشە، یان وەك ئەو وڵاتە عەرەبییانە بۆ خۆی ببێتە وڵاتێكی سەربەخۆ؟

وڵامی10-

سه‌ربه‌خۆیی و بوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی مافی بێ ئه‌م لاو ئه‌ولای هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌که‌، ئێمه‌ وه‌ک حزب کار بۆ گه‌شه‌ی ناسیونالیزمی سیاسی ده‌که‌ین دواتر ئه‌وه‌ گه‌له‌ که‌ بڕیاری خۆی له‌مه‌ر ئه‌م پرسه‌ له‌ رفڕاندۆمێکدا ده‌دات.

11-هۆكارەكانی نەڕووخانی كۆماری مەلاسالاری ئێران تا ئێستا چی بووە؟

وڵامی 11-

چه‌مکی مه‌لاسالاری له‌ کۆماری ئیسلامی ئێران دا به‌ پێی هه‌لومه‌رج و که‌سه‌کان ده‌گۆردرێت، له‌ ئێران هه‌موو مه‌لایه‌ک سالار نیه‌ به‌ڵکوو ته‌نیا که‌سانێکی تایبه‌ت و دیاری کراو که‌ له‌گه‌ڵیان هاوفکرن ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌، راسته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئیسلامی سیاسی ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن به‌ڵام زۆرن له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران که‌ مه‌لا نین، له‌بیرمان نه‌چێت که‌ کۆماری ئیسلامی به‌ ده‌یان مه‌لای کوشتووه‌ که‌ چ شێعه‌ و چ سوننی هاوفکریان نه‌بوون و ته‌سفیه‌ کراون.

به‌ڵام له‌ وڵامی پرسیاره‌که‌تان دا ، راسته‌ وێڕای بوونی چه‌ندین قه‌یرانی ریشه‌دار له‌ ناو ئه‌و رژیمه‌دا که‌چی وا بو 34 ساڵ ده‌چێت به‌رده‌وامه‌ له‌ ده‌سه‌لات.

هۆکاره‌کانی بۆ مانه‌وه‌ زۆرن به‌ڵام گرنگترینیان هاوکێسه‌ سیاسیه‌کانی جیهانه‌، به‌واتایه‌کی دیکه‌ رژیمی ئێران ته‌نها موعادله‌یه‌کی ناوخۆیی و ناوچه‌یی نیه‌ که‌وابوو له‌ بوون و نه‌بوونی دا جیهانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات رۆڵ ده‌گێڕێت.

12-خەباتی پێشنیاریتان بۆ باشترین شێوازی راپەڕین لە ئێراندا چییە؟

وڵامی 12-

کێشه‌ی کوردی رۆژهه‌ڵات زۆر جیاوازه‌ له‌ کێشه‌ی فارس، ئه‌گه‌ر کێسه‌ی فارسه‌کان کێشه‌ی گیرۆده‌ بوونیانه‌ به‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌تێکی دیکتاتۆر و رژیمی کۆماری ئیسلمای ئێران به‌ پێوانه‌ دیکتاتۆریه‌کان مامڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کات، ئه‌وه‌ کێشه‌ی کورد گیرۆده‌ بوونه‌ به‌ ده‌ست ده‌وڵه‌تێکی داگیرکه‌ر.

بۆ ئێمه‌ی کوردی رۆژهه‌ڵات زۆر گرینگ نیه‌ که‌ ده‌وڵه‌تی تاران دیکتاتۆره‌ یان نا، کێشه‌ی ئێمه‌ کێشه‌ی داگیرکه‌ر و دساگیرکراوه‌.

که‌وابوو ئه‌گه‌ر فارسه‌کان یان ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ ئێرانی ده‌زانن پێیان وایه‌ که‌ به‌ ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵاتی تاران یاخود رێفۆڕم له‌ نێو ده‌سه‌ڵات دا کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر ده‌بێت، ئه‌وه‌ ئێمه‌ی کورد کاتێک کێشه‌کانمان چاره‌سه‌ر ده‌بێت که‌ به‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان بگه‌ین، ئه‌وه‌ش ته‌نیا کاتێک ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت که‌ داگیرکه‌ر له‌ هه‌ر کام له‌ شێوه‌کانیدا چ دیکتاتۆر و چ دمۆکرات له‌ کوردستان دا نه‌مابێت.

هه‌ر بۆیه‌ش له‌ روانگه‌ی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان وه‌ک حزبێکی نه‌ته‌وه‌یی هه‌موو شێوازه‌کانی خه‌بات بۆ گه‌شتن به‌و مافانه‌ی که‌ لێمان زه‌وت کراوه‌ به‌ ره‌وا ده‌زانین و کاریشی بۆ ده‌که‌ین.

13-هۆی چییە خەڵكی ئێران بە گشتی لە بەرامبەر زوڵم ‌و زۆرەدارییەكانی ئەو حكومەتەدا بێدەنگن، ئایا بەو شتە رازین یان پەسەندكردنی زوڵم ‌و زۆر لە جینەتیكیاندایە؟

وڵامی 13-

نه‌ گه‌لی کورد و نه‌گه‌لانی دیکه‌ی ئێران بێ ده‌نگ نه‌بوون و ناشبن، ئه‌وه‌ ره‌وا نیه‌ که‌ چونکه‌ تاکوو ئێستا رژیمی کۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر کار ماوه‌ وا لێک بدرێته‌وه‌ که‌ هۆکاری بێده‌نگی گه‌له‌. هه‌رگیز ئه‌وه‌ هۆکار نیه‌ و ئه‌و مه‌قوله‌یه‌ش پێوه‌ندی به‌ ژنتیکه‌وه‌ نیه‌.

گه‌لی کورد و گه‌لانی دیکه‌ی ئێران له‌م 33 ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌یان جار راپه‌ریون، قوربانیه‌کی زۆریان داوه‌، نزیک 50 هه‌زار که‌س له‌ به‌ندیخانه‌کانی ئێران تیرباران یان له‌ سێداره‌ دراون، له‌ سه‌نگه‌ر و شه‌قامه‌کان دا ده‌یان هه‌زار مرۆڤ شه‌هید کراوه‌.

له‌م 33 ساڵه‌ دا بۆ رۆژێکیش شۆڕشگێڕانی کوردستان دژ به‌ رژیمی ئێران نه‌سره‌وتوون و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌ خه‌بات و قوربانی دان دا بوون و له‌ هه‌مانکاتیش دا ده‌یان گورزیان له‌ رژیم وه‌شاندوه‌. که‌وابوو زوڵم و زۆر داری به‌ هیچ یه‌ک له‌ پێکهاته‌کانی ئێران قبوڵ نه‌کراوه‌ به‌ڵام نه‌مانی ئه‌و رژیمه‌ ته‌نیا له‌ ده‌ست ئێمه‌ومانان دا نیه‌ به‌ڵکوو به‌شێکی زۆر له‌ هۆکاری مانه‌وه‌ی هاوکێشه‌ سیاسیه‌کانی جیهان و زلهێزه‌کانه‌.

14-هەندێ حزبی ئێرانی هەن وەكو موجاهەدین، سەڵتەنەت تەڵەبەكان،  سكۆلارەكان ‌و بەرەكانی تر، كاتێك كورد داوای یەكبوون ‌و یەكڕیزی ‌و دروستكردنی بەرەیەكی كوردی دەكەن، خێرا باروبنە فڕێ دەدەنو هاوار دەكەن كە شتی وا نابێ، كوردی رۆژهەڵاتیش خێرا بێدەنگ دەبێ، هۆكارەكانی ئەو بێدەنگییەتان لە چییە؟

وڵامی 14-

ئێمه‌ی کورد به‌ هه‌موو پێکهاته‌ و حزبه‌کانمانه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ باش بزانین که‌ هیچ پان ئێرانیستێک به‌ چه‌پ و راستیانه‌وه‌ رازی به‌ دان پێدانان به‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران نین، ئه‌وان باش ده‌زانن که‌ داننان به‌ مافی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ر یه‌ک له‌و نه‌ته‌وانه‌ به‌ گشتی و نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌ تایبه‌تی مانای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ لایه‌ک له‌ جوگرافیای ئێران له‌ ده‌ست ئه‌ده‌ن.

هه‌ر بۆیه‌ش زۆر هه‌ستیارن به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رجۆره‌ لێک نزیکبوونه‌وه‌ی حزبه‌ کوردیه‌کان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان به‌ چی هه‌ستیارن و چیان پێ باش و چیان پێ خراپه‌، لای ئێمه‌ زۆر بایه‌خدار نیه‌، کێشه‌کانی مابه‌ین ئێمه‌ی رۆژهه‌ڵاتیه‌کانیس له‌ راستی دا ته‌نیا ئه‌وان هۆکاری نین، به‌ڵکوو کێشه‌ی سه‌ره‌کی یه‌کتر قه‌بوڵ نه‌کردنی خۆمانه‌ و بێ باوه‌ڕیه‌ به‌ پلۆرالیزمی سیاسیه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.

هه‌ر کاتێک که‌ ئه‌وه‌ کۆتایی بێت کێیه‌ که‌ ئیدی گوێ بدا به‌ ویستی پان ئێرانیسته‌کان.

15-ئایا ئێوە لە گەڵا لێدانی كوورە ناوەكییەكانی ئێراندا هەن؟ ئەگەر بەرەی رۆژئاوا لە ئێران بدات، ئەو رووداوانە چین كە لەو كاتەدا ‌و لە دواییدا روودەدەن؟

وڵامی 15-

به‌ڵێ ئێمه‌ پێشتریش زۆر به‌ شه‌فافی هه‌ڵویستی خۆمان له‌و بواره‌دا نواندووه‌، ئێمه‌ به‌ تێگه‌یشتن له‌ واقعی هه‌ر یه‌ک له‌ دیکتاتۆره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ گشتی و داگیرکه‌رانی کوردستان به‌ تایبه‌تی پێمان وایه‌ که‌ ئه‌گه‌ر هێزێک له‌ زلهێزه‌کانی جیهان گورزی سه‌ربازیان لێنه‌وه‌شێنێت ئه‌وه‌ درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ن و ئامانجه‌کانیشیان ده‌پێکن هه‌ر بۆیه‌ پێمان باشه‌ نه‌ک ته‌نیا گورزی مه‌وزعی له‌ ناوه‌نده‌کانی پیتاندنی یورانیۆم به‌ڵکوو پێمان باشه‌ که‌ له‌ ناوه‌نده‌ سه‌ربازیه‌کانیش بدرێت.

ئه‌وه‌ی که‌ دواتر روده‌دات ره‌نگه‌ زۆر گرینگ نه‌بێت. له‌ قۆناغی یه‌که‌م دا واته‌ له‌ کاتی لێدانی کوره‌ ئه‌تۆمیه‌کانی ئێران یا ناوه‌نده‌ سه‌ربازییه‌کانی ، ئۆپۆزسیۆنی چه‌کداری رژیم چالاکتر ده‌بن و هه‌ر کامه‌ له‌ گۆشه‌یه‌که‌وه‌ بۆ لێدان له‌ داموو ده‌ستگاکانی رژیم وه‌خۆ ده‌که‌ون.

ئه‌گه‌ر بێت هه‌مان سناریۆی ئێراق له‌ئێران دوباره‌ بێته‌وه‌ ئه‌وه‌ گومان له‌وه‌دا نیه‌ که‌ کوردستان بکه‌وێته‌ ده‌ست هێزه‌ شۆڕشگێره‌کانی کورد.

16-بە بۆچوونی ئێوە گریمان ئەگەر رۆژئاوا گورزی چەكداری لە ئێران بدات، لەگەڵا لێدانی ئێران لە لایەن رۆژئاواوە هەڵوێستی رووسیا ‌و چین ‌و وڵاتانی هاوپەیمانی حكومەتی ئێران چی دەبێت؟

وڵامی 16-

به‌ بڕوای من ئێران هاوپه‌یمانێکی ئه‌وتۆی نیه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست حیزبوڵای لوبنان و به‌شێک له‌ شێعه‌کانی ئێراق و ته‌نانه‌ت وێنزۆئێلاش بێت، ئه‌وان ئه‌و هێزه‌ نین که‌ ده‌رفه‌تی وه‌ده‌ست هاتنیان پێ بدرێت.

روسیاش به‌ درێژایی سه‌د ساڵی رابردووش پیشانی داوه‌ که‌ زۆر ئاسان مه‌عامه‌له‌ به‌ دۆسته‌کانیه‌وه‌ ده‌کات، هه‌روه‌ک سه‌باره‌ت به‌ عێراق و لیبیاش دیتمان.

ده‌وڵه‌تی چینیش پیشانی داوه‌ که‌ خوازیاری موداخله‌ی راسته‌وخۆ نیه‌، بۆ نمونه‌ به‌ چاوخشاندنێک به‌ هه‌لومه‌رجی کۆریای باکور ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت، به‌ گشتی ده‌وڵه‌تی چین له‌به‌ر بار گرانی خۆی و خه‌ڵکه‌که‌ی باری گرانتر هه‌ڵناگرێت و ئاسان ده‌سازێت و زۆرتر له‌وه‌ بایه‌خ به‌ کاره‌ بازرگانیه‌کانی ده‌دا.

17-ئایا ئەگەر رۆژئاوا لە ئێران بدات، بە رای ئێوە هەڵوێستی خەڵكی ئێران بە جیا ‌و خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان چی دەبێت؟ ئایا خەڵك بەرامبەر بەوان دێنە شەڕ، یان پیانخۆشە لە ئێران بدرێت؟

وڵامی 17-

گومان له‌وه‌دا نیه‌ که‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئێران پیان خۆشه‌ که‌ له‌ رژیمی کۆماری ئیسلامی بدرێت، زۆرینه‌ی خه‌ڵکانی ئێران به‌ ده‌ست هه‌ژارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، بێکاری له‌ ئه‌وج دایه‌ ، به‌ ده‌رسه‌دێکێ زۆر و سیستماتیک گیرۆده‌ی ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان کراون، که‌وابوو نه‌مانی ئه‌و رژیمه‌ به‌ واتای ده‌رباز بوونه‌ له‌ هه‌ژاری و بێکاری.

کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش نه‌ک هه‌ر پیان خۆشه‌ به‌ڵکوو به‌شێکی زۆریان ئه‌وانه‌ی له‌ توانایاندا بێتبێت له‌و کاته‌دا شان به‌ شانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان وه‌ده‌ست دێن.

18-زۆربەی حزبەكانی ئێران لەگەڵا لێدانی ئێراندا نین، ئەمە لە حاڵێكدا كە پاش 33 ساڵە خۆشیان نەیانتوانیوە ‌و ناشتوانن حكومەتی ئاخوندسالاری ئێران بڕووخێنن، ئەی یەكلابوونەوەی ئەو حكومەتە چی دەبێت؟

ولامی18-

من پێم وا نیه‌ که‌ زۆربه‌ی حزبه‌کانی ئێران له‌گه‌ڵ لێدانی ئێران دا نه‌بن به‌ تایبه‌ت حزبه‌ کوردیه‌کان، به‌ڵام هه‌رکامه‌یان ده‌ربڕینه‌که‌ به‌ شێوازی خۆیان فرموله‌ی ده‌که‌ن.

19-ئایا ئوپۆزیسیۆنە فارسەكان لە داهاتووی پاش رووخانی حكومەتی ئێران، دەرفەت بە كورد دەدەن تەداخولی سیاسیەت بكات، یان دیسانەوە بە چاوی هاوڵاتیی پلە دوو سەیری كورد ‌و نەتەوەكانی تر دەكەن؟

وڵامی 19-

یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌سه‌ر چووه‌ که‌ باس له‌ رێپێدا بکرێت، هه‌ر ئێستا حزبه‌ کوردیه‌کان یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین هاوکێشه‌ سیاسیه‌کانی ئێران به‌ ئه‌ژمار دێن، له‌ هه‌ردوو مه‌یدانه‌که‌دا واته‌ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فدراڵ و به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌کان، حزبه‌ کوردیه‌کان قسه‌ی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ ده‌که‌ن.

20-منداڵان تا چەند ئێستا لە ئێراندا مافیان پارێزراوە، ئایا بەرنامەیەكی تایبەتتان بۆ منداڵانی داهاتووی رۆژهەڵاتی كوردستان هەیە؟

وڵامی 20-

نه‌ک منداڵان به‌ڵکوو ژنان و پیاوان و چین و توێژه‌کانی دیکه‌ش مافیان له‌ سایه‌ی ئه‌و رژیمه‌دا نه‌ک نه‌پارێزراوه‌ به‌ڵکوو پێشێلیش کراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ بوونی به‌رنامه‌ی ئێمه‌ سه‌ره‌تا ده‌بێت له‌ به‌ندی داگیرکاری رزگار بین، ئه‌و کات هه‌وڵ بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی سیسته‌مێکی ته‌ندروست ده‌ده‌ین که‌ نه‌ک هه‌ر منداڵان به‌ڵکوو پیرانیش ئاسوده‌ بن.

21-چۆن دەكرێ پسپۆڕ پەروەردە بكرێت كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە قەیرانی نەزانی ‌و بندەستی رزگاری ببێت؟

وڵامی 21-

پرسیارێکی زۆر له‌ جێدایه‌.

ده‌بێت رژیمه‌کان له‌ دیکتاتۆریه‌وه‌ بۆ دیموکرات بوون بگۆردرێت، ده‌بێت ده‌وڵه‌تان هه‌ڵبژێردراوه‌ی ده‌ستی میله‌تان بن، ده‌وڵه‌تان ئه‌رکی سه‌ره‌کیان ده‌بێت بنه‌بڕ کردنی هه‌ژاری بێت.

دانیشتوانی هه‌ر وڵاتێک ده‌بێت له‌ سایه‌ی سیستمی ته‌ندروستی ده‌وڵه‌ته‌که‌یان دا ده‌رفه‌تی خوێندن و کار کردن و جێگه‌ی ژیانیان بۆ بره‌خسێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ ده‌سته‌به‌ر کران ئه‌وه‌ ئینتما و خۆشه‌ویستی و بۆ نیشتمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌و کاته‌ تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌ خۆ په‌روه‌رده‌ کردن دا هه‌ست به‌ به‌رپرسیاره‌تی ده‌که‌ن و هه‌وڵیان بۆ بوون به‌ پسپۆڕ جدی ده‌بێت و به‌ جێگای جێهێشتنی نیشتمان له‌ نیشتمان دا ده‌مێننه‌وه‌ و پسپۆڕانه‌ خزمه‌ت ده‌که‌ن.

22-بەهاری عەرەبی چۆن دەبینیت؟ ئایا بەهاری ئێرانی بەڕێوەبە؟ یان شتی وا لە ئارادا نابێ؟

وڵامی 22-

هێشتا زووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ رایه‌کی دروست بۆ به‌هاری عه‌ره‌بی ده‌رببڕم.

راسته‌ چه‌ند دیکتاتۆڕێک له‌ ده‌سه‌ڵات لادران به‌ڵام کێشه‌کان له‌ هێنده‌ک له‌و وڵاتانه‌ به‌رده‌وامه‌ و گه‌له‌کانیان نه‌گه‌شتونه‌ته‌ ئامانج. هه‌ر له‌م رۆژانه‌دا له‌ 2.5.2012 به‌ هه‌زاران که‌س له‌ مه‌یدانی ته‌حریری قاهره‌ی پایته‌ختی مسر خۆپیشاندانیان کرد و به‌ره‌ورووی توند و تیژی بوونه‌وه‌ و پتر له‌ 10 که‌سیان لێ کوژراو و دیانیان لێ بریندار بوو.

هه‌لومه‌رجی لیبیاش زۆر ناله‌باره‌ و له‌ سوریه‌ش ئه‌وه‌ به‌رده‌وام خه‌ڵک ده‌کوژرێت.

سه‌باره‌ت به‌ به‌هاری ئێرانی که‌ ده‌پرسیت، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له‌ راپه‌ڕینه‌ و ناوی به‌هاری لێنراوه‌ ، ئه‌وه‌ به‌ به‌رچاوی جیهانیانه‌وه‌ له‌م 33 ساڵه‌ دا به‌ ده‌یان جار کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کورد وفارس و عه‌ره‌ب و ئازه‌ری و تورکمه‌ن له‌ دژی کۆماری ئیسلامی ئێران راپه‌ریون و به‌ هه‌زاران که‌سیش بوونه‌ته‌ قوربانی له‌و پناوه‌دا. به‌ڵام هه‌م رژیم له‌ جێی خۆی ماوه‌ و هه‌م خه‌ڵکیش پاشگه‌ز نه‌بوونه‌ته‌وه‌ له‌ به‌رنگار بوونه‌وه‌.

به‌ بڕوای من سه‌رجه‌م راپه‌رینه‌کان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئه‌فریقا بۆ به‌ ئاکام گه‌یشتن راسته‌وخۆ پێوه‌ندی به‌ جۆری هه‌ڵوێستی بڕیار به‌ ده‌ستانی جیهانه‌وه‌ هه‌یه‌.

23-بۆچی كەناڵێكی تەلەفزیۆنیتان نیە بۆ راگەیاندنەكانی ناوخۆتان لە رۆژهەڵات؟ لەوانەیە پێویست بێ؟ چی وای كردووە نەتانبێت؟

وڵامی 23-

به‌ڵێ زۆر پێویسته‌، راگه‌یاندن به‌ هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه‌ به‌ گشتی و ته‌له‌فزیۆن به‌ تایبه‌تی پێویستیه‌کی هه‌ست پێکراوه‌ به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئیمکانی ئێمه‌ له‌و ئاسته‌ دا نیه‌. که‌ناڵی ته‌له‌فزیونی راسته‌وخۆ پێوه‌ندی به‌ باری ئابوری حزبمانه‌وه‌ هه‌یه‌.

24-حزبە رۆژهەڵاتییەكان ئەوەندەی بە پلانگێڕی بە سەر یەكترەوە خەریكن‌و قسە پشت سەری یەكتر دەڵێن، لەوانەیە هیچ وزەیەكیان تیا نەمابێ بۆ بەرەنگاربوونەوەیان بەرامبەر بەو حكومەتە، هۆكاری ناكۆكی حزبە رۆژهەڵاتییەكان چییە؟

وڵامی 24-

بوونی ناکۆکی له‌ نێوان حزبه‌کان دا دیارده‌یه‌کی ناسروشتی نیه‌، ئه‌وه‌ی که‌ ناسروشتیه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ کار بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ به‌ چاوی دوژمن بڕوانینه‌ یه‌کتری.

ئێمه‌ به‌ جێگای ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ریکی پیلان گێڕی و شکاندنی که‌سایه‌تی یه‌کتری بین و بوختان بۆ یه‌کتری هه‌ڵبه‌ستین ، ده‌کرێ به‌ پرۆژه‌ی جوان و خزمه‌تکارانه‌ خۆ به‌سه‌ر یه‌کدا فه‌رز که‌ین.

به‌ڵام به‌ گشتی هۆکاریش بۆ ناکۆکی که‌م نین، ئێمه‌ هیچمان حزبی وڵاتێکی ئازادو خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نه‌بووین.

ئێمه‌ حزبی وڵاتێکی دیاری کراوین، زانستیانه‌ فێری ئه‌وه‌ نه‌بووین که‌ کێسه‌کانمان به‌ پێشکه‌ش کردنی پرۆژه‌ و به‌ بێ توند و تیژی چاره‌سه‌ر بکه‌ین، فێری کێبڕکێیه‌کی ته‌ندروست نه‌بووین له‌گه‌ڵ یه‌کتری دا، هه‌ر بۆیه‌ش بونی کۆمه‌ڵه‌ ناکۆکیه‌ک له‌ نێوانماندا زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ نیه‌. گرینگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانمان له‌گه‌ڵ یه‌کتری په‌نا بۆ چه‌ک نه‌به‌ین.

25-بە باشی دەزانی كورد پەیوەندیی لەگەڵا ئیسراییلدا هەبێ یان بە سوودی كورد نابێ؟

وڵامی 25-

ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ده‌وڵه‌تێکی خاوه‌ن رۆڵه‌ له‌ جیهان و ناوچه‌که‌دا، تا کوو ئێستا چ وه‌ک نه‌ته‌وه‌ و چ وه‌ک ده‌وڵه‌ته‌که‌ی کێشه‌یه‌کیان له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد و حزبه‌کان نه‌بووه‌.

من پێم وایه‌ زۆربه‌ی حزب و رێکخراوه‌کانی کوردستان له‌ هه‌وڵی دۆستایه‌تی کردنی ئیرائیل دا به‌رده‌وامن، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیله‌ که‌ زۆر کۆنسرڤاتیڤانه‌ به‌رانبه‌ر به‌ حزبه‌ کوردیه‌کان هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات.

26-ئایا پێتوایە لە داهاتوودا لە رۆژهەڵاتی كوردستان شەڕی ناوخۆیی رووبدات؟

وڵامی26-

حزبه‌ کوردستانیه‌کان له‌ زۆر کات دا توشی شه‌ڕی خۆبه‌ خۆ بوون.

له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێشتر ئه‌و شه‌ڕه‌ رووی داوه‌.

هیچ کاتێکیش ئه‌و شه‌ڕ و پێکدادانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کورد  له‌ هیچ یه‌ک له‌ پارچه‌کانی دا نه‌بووه‌.

به‌ڵام به‌ گشتی بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌ پاش رزگاری ئه‌و شه‌ڕه‌ ناوخۆییانه‌ هه‌رچه‌ن که‌ باش نین به‌ڵام زۆریس ناسروشتی نین. هیوادارم ئێمه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌زموونی باشماان له‌ رابردوو وه‌رگرتبێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پاش رزگاری خۆ به‌ ئاوه‌دانی نیشتمانه‌وه‌ خه‌ریک بکه‌ین.

27-ئایا شەڕی ئاینی ‌و نەتەوەیی لە نێو ئێرانی پاش رووخاندا روودەدات؟

ولامی 27-

شه‌ڕی نێوان مه‌زهه‌به‌کان خاوه‌ن پێشینه‌یه‌کی دور و درێژه‌، نه‌ک له‌ کوردستان و ئێران به‌ڵکوو له‌ زۆر شوێنی ئه‌م جیهانه‌.

من پێم وایه‌ گه‌لی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ شێعه‌ و سونه‌وه‌ گه‌شتوه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ له‌ بیر کردنه‌وه‌ که‌ کێشه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان له‌ سه‌رووی کێشه‌ مه‌زهه‌بیه‌کانمانه‌وه‌یه‌.

28 -بۆچی سەلەفییەكان لە شارە كوردییەكانی رۆژهەڵات دا خەریكی چالاكین ‌و گەنجەكان بەرەو ئەفغانستان بەڕێدەكەن؟

وڵامی 28-

سه‌له‌فیه‌ت وێڕای ئه‌وه‌ی که‌ له‌ کۆنه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ کوردستان دوو هۆکاری هه‌یه‌ ، یه‌که‌م هه‌ژاری و بێکاری و نه‌بوونی ناوه‌نده‌ ته‌ندروسته‌کان بۆ لاوان و دوهه‌م کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ گشتی هانده‌ر و پاڵپشته‌ بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌  شێواندنی هه‌لومه‌رجی ئه‌فغانستان و عێراق و ناسه‌قامگیری ئه‌منی له‌و دو وڵاته‌ بووه‌ته‌ به‌شێک له‌ ئه‌رکه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ده‌نا ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له‌ مێژوو بده‌ینه‌وه‌ کێشه‌ی نێوان شێعه‌ و سوونه‌ که‌ له‌ بواره‌ مێژووییه‌که‌یشیدا هه‌ر ئێران سه‌رقافڵه‌ی ره‌وتی شیعه‌ بووه‌ بۆچی سه‌له‌فیه‌کی سونی له‌ تاران خۆی ناته‌قێنێته‌وه‌، له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ به‌ پێی ئاشکرا بوون له‌ لایه‌ن ناوه‌نده‌ هه‌وڵگریه‌کانه‌وه‌ کۆمه‌ڵێکی زۆر له‌ که‌ره‌سته‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ راسته‌وخۆ له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌فغانستان و ئێراق ده‌نێردرێت و هه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ له‌ کوردستان و شوێنه‌کانی دیکه‌ی ئێران مه‌جالیان بۆ ده‌ره‌خسێندرێت که‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌ سه‌له‌فیه‌کان کار بکه‌ن ئوتوماتیک وار ده‌چنه‌ خانه‌ی دژایه‌تی کردنی رژیم ، که‌وابوو چ باشتر که‌ خودی ئێران ده‌رفه‌تیان بۆ بره‌خسێنێت که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران خۆیان بته‌قێننه‌وه‌ !! . به‌ڵام به‌ گشتی ئه‌و دیارده‌یه‌ زۆر که‌مڕه‌نگه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئه‌وانه‌ش که‌ ناردراون بۆ ئه‌فغانستان رێژه‌که‌یان زۆر که‌متر له‌وه‌یه‌ که‌ شایانی باس  کردن بێت.

29 -لە كاتی لێدانی ئێران، هەڵوێستی حەماس ‌و حزبوڵڵا چی دەبێت؟

وڵامی 29-

هیچ ، ئه‌وانه‌ له‌و ئاسته‌دا نین که‌ فریای رژیمی ئێران بکه‌ون، مێژوو ده‌ری خستوه‌ که‌ گروپ گه‌لی وا له‌و کاتانه‌دا ده‌ست به‌ کڵاوی خۆیانه‌وه‌ ده‌گرن.

30 -ئەو پارانەی كە ئێستا لە ئێران دەدزرێن، چۆن دەكرێ بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی ئێران لە حاڵێكدا لە ئێران براوەتە دەرەوە كە خودی حكومەت لەوەدا دەستی هەبووە؟

ولامی 30-

زووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و مه‌قوله‌یه‌ بده‌ین ، ده‌بێت راوه‌ستین له‌ پاش روخانی رژیم ئه‌و فایلانه‌ ده‌ست که‌ون و به‌ پێوه‌ری فایله‌کان به‌رنامه‌یان بۆ داڕێژین.

سێ شەممە, 24 تەمموز 2012

 

خوێندنەوە 886 جار
دەنگ بدە بەم بابەت
(1 دەنگدان)
بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێکەوتن
خوێندنەوە کد خبر: 223

نووسینی بۆ چوون

دڵنیابە لەوەى بۆشایی (*)پڕکردووەتەوە.کۆدی هتمڵ ناچالاکە.

راپۆرتی کەناڵی وار تیڤی لەسەر تێکەڵبوونی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە پارتی ئازادی کوردستان

دوایین هەواڵەکان

روک تیڤی

بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی روداو هاوڕێ جوانە پاڵانی ئەندامی یەپەژە بووە لە رۆژئاوای کوردستان بە چواشەکارییەوە ئەو هەواڵە...

Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی
Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی
Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی
Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی

roji-kurd

ئەرشیڤی رۆژنامەی رۆژی کورد:

1  2 3 
 5
 9  10  11  12
13  14   15  16

لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان دا بن:

هەواڵنامەی ماڵپەڕەکەمان