وتووێژی رادیۆ دەنگی کوردستان لە ئەمریکا لەگەڵ بەڕێز سمکۆ یەزدانپەنا سکرتێری گشتیی یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان

  • دوو شەممە, 01 سەرماوەز 1395
  • نووسراوە لەلایەن:  Rukurdistan
  • قەبارەی فۆنت کەمکردنەوەى قەبارەی فۆنت زیادکردنی قەبارەی فۆنت

ڕادیۆ دەنگی كوردستان لە ئەمریكا، زنجیرە وتووێژێكی لەگەڵ دوازدە حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەبارەی رەوتی گۆڕانكارییەكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكەو جیهان و كاردانەوەیان لەسەر ئێران، هەروەها سەرهەڵدانەوەی خەباتی چەكداری لە رۆژهەڵاتی كوردستان و پێگەی كورد لە هەنگاونانی بەرەو سەربەخۆیی و چەند تەوەرێكی دیكە ئەنجام داوە، کە ئەمەی خوارەوە دەقی وتووێژی دەنگی کوردستان لە ئەمریکایە لەگەڵ بەڕێز سمکۆ یەزدانپەنا سکرتێری گشتی یەکێتیمان.

 دیمانە: سالار حیسامی 

* پرسیاری یەكەممان با ئەوە بێت، ماوەیەكە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان خەباتی چەكداری سەری هەڵداوەتەوەو ئەو شێوازەی خەباتیش خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێ، بەتایبەتی لەم دۆخەدا كە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرەو گۆڕانكاری ژیئۆپۆلیتیك ی هەنگاو دەنێت، هەڵوێستی ئێوە لەوبارەوە چییە؟

** بە بۆچوونی من هەر نەتەوەیەك كە نیشتمانەكەی داگیركرابێت و مافی دیاریكردنی چارەنووسی سیاسیی لێ سەندرابێتەوە، ئەوە لە هەر گۆشەیەكی ئەم جیهانەدابێت، مافی خۆیەتی لەسەرجەم مێتۆدەكانی خەبات كەڵك وەرگرێت، شەڕی چەكداری شۆڕشگێڕانەش یەكێك لەو مێتۆدە هەرە گرنگانەی خەبات لەدژی داگیركەران بە ئەژمار دەكرێت، چ لە رابردوو، چ لە ئێستادا. خوێندنەوە بۆ ئەو شێوازە لە خەبات بە پێوەری جیهانبینی و فەلسەفەی سیاسی هەر حزب و لایەنێك بەرجەستە دەكرێت.


یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا هەنوكە باوەڕی وابووە كە خەباتی چەكداری شۆڕشگێڕانە لەدژی داگیركەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان تا ئەو كاتەی دان بە مافە رەواكانی نەتەوەكەماندا نەنرێت، بە ماف و ئەركی هەر حزبێكی شۆڕشگێڕی دەزانین. هەر لەو پێوەندییەدا ئەگەریش گۆڕانكاری جوگرافی – سیاسی واتە ژیئۆپۆلیتیك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵتەكاندنی ئەو جوگرافییە سیاسییانەیە كە بریتانیا و فەرانسە لە سەدەی رابردوودا لەسەر دەستی هەردوو دیپلۆماتی سەربازی واتە سایكس و پیكۆ دروست كرا، لە بەرژەوەندی كوردەكانی كوردستانی مەزندا تەواو بێت، هەر بەو پێوەرەش ئێمەی خەباتكار شێوازی خەباتەكەمان گۆڕانی بەسەردا دێت.iranian_kurds_12organizations.jpg

* رایەك هەیە پێداگری لەوە دەكات كە لە باشوری كوردستان جۆرێك لە سانسۆری هەواڵەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەدی دەكرێت، لە بەشێكی دیكەش بایەخی تەواوی پێدەدەن. چ خوێندنەوەیەكتان بۆ ئەو رایە هەیە؟

** باشووری كوردستان نەبووەتە دەوڵەت، یەكێتی ئیداری و حكوومی و نەتەوەیی لە باشووری كوردستان لاوازە، حزبەكان بە پێوەری نزیكی لە دەوڵەتەكانی هەرێمی و جیهانی هەڵوێستەكانیان دەگۆڕن، هەر بەو پێوەرەش میدیاكان و میدیاكارانیش كارتێكەریان لەو ئەتمۆسفێرە سیاسی – دیپلۆماسییە وەرگرتووە. بەڵام بەگشتی وا بۆ دووساڵ دەچێت میدیا مۆدێرن و پێشكەوتووەكانی باشووری كوردستان بە ویژدانەوە باس لە هەرجۆرە رووداوێكی پارچەكانی دیكەی كوردستان دەكەن.

 

 * پێوەندییەكانی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چۆنە و ئایا ئەو ئەزموونەی باشووری كوردستانتان لەبەرچاو گرتوە كە كاتی خۆی لەگەڵ حزبە عێراقییەكان لەدژی حكومەتی بەعس لە بەرەیەكدا بوون و ئێستا هەر ئەوان بوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانیان بڕیوە؟


** بە بۆچوونی من چ لە رابردوو و چ لە ئێستا حزبێكی پان ئێرانیست نییە كە باوەڕی بە مافی چارەنووسی گەلانی بندەستەی كۆماری ئیسلامی ئێران بووبێت و هەبێت. جوگرافیای سیاسیی ئێران پتر لە شەش نەتەوەی تێدا بەند كراوە. هەنووكە بەرەی پێكهاتوو لە نەتەوەكانی بندەستی ئێراندا بوونی نییە، ئەوەی كە هەشە بڕوای بە مافی دیاریكردنی چارەنووس نییە، كەوابوو ئەگەر ئەو هێزانە بڕوایان بە مافی دیاریكردنی چارەنووس نەبێت، بۆ چ مەبەستێك دەبێ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەرەوەی كورد هەوڵ بدرێت. ئەمە لە لایەك، لە لایەكی دیكەشەوە خودی ئەحزابی كوردیش لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە پێوەندیەكی زۆر لاوازدان و هیچ جۆرە ئیئتلافێك بوونی نییە.

سەبارەت بە هەلومەرجی ئێستای باشووری كوردستانیش هاوكات لەگەڵ ئەوەیكە عێراقییە سیاسییەكان لە رابردوودا لەبەرەیەكدا بوون لەگەڵ كورد و ئێستا لە دەسەڵاتدان لە دژی كورد، خۆی سیاسەت وایە، نە دۆستی هەتا سەر هەیەو نە دوژمنی هەتاهەتایی، بەڵام ئەگەر حزبەكانی باشووری كوردستان لەناو خۆیاندا تەبا و یەكڕیز بایەن، هەنووكە دەسەڵاتدارانی بەغدا بەئاسانی نەیاندەتوانی كورد لە داهاتی گشتی عێراق بێبەش بكەن.


 * بۆچی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا لەسەر ئاستی هەموو پارچەكان پڕۆژەیەكی نەتەوەیی، یان لانیكەم لەسەر رەهەندە گشتییەكان نابیندرێ و بۆچی كۆنگرەی نەتەوەیی پەكی كەوت؟

 ** كوردستان پتر لە سەد ساڵە داگیرو دابەش كراوە، هەر ئەوەش هۆكاری سەرەكییە كە هەر پارچەیەك لە كوردستان خاوەن سەركردایەتییەكی سیاسی خۆی بێت و لە خەمی پاراستنی بەرژەوەندی خۆیدا بێت، ئەمە لەلایەك و لەلایەكی دیكەشەوە خۆی هاوهەڵوێستی و هاوڕابوونیش لەمابەینی ئەحزابی هەر نەتەوەیەك پێوەندی بە كەلتووری ئەو نەتەوەوە هەیە، كوردستانیان خاوەنی ئەو كەلتوورە نین كە پێویستە لە گۆڕەپانی سیاسیدا بمانبێت. دووەم كۆنگرەی نەتەوەیی لەسەرەتاوە تاكو هەنوكە من باوەڕم پێی نەبووە، چونكە هەركامە لە حزبەكانی باكوور و باشوور تەنیا لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا سیاسەتی كۆنگرەیان دادەڕشت، من لەو پێوەندییەدا لەساڵی ٢٠١٣ وتارێكی رەخنەگرانەم لەژێرناوی "تا كۆنگرە نەبەستراوە، با كۆنفرانسی خۆمان ببەستین" بڵاو كردەوە، مەبەستەم لەو وتارە ئەوەبوو كە مادام كۆنگرەی نەتەوەیی لە خزمەت پارچەیەك، یان دوو پارچەی كوردستاندایە، ئەوە ئێمەی كوردانی ڕۆژهەڵاتیش دەبێ لە خەمی بەرژەوەندی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندابین.



 * دەگوترێ باسی پێكهێنانی بەرەی كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووەتە پرسێكی سەرزارەكی، لەبەر ئەوەی هەموو حزب و لایەنەكان بە دەیانجار لەبەر دەم مایكی میدیاكاندا ئامادەیی خۆیان بۆ پێكهێنانی ئەو بەرەیە دەربڕیوە كەچی تا ئێستا وەك پراكتیك هیچ ئەنجامێكی لێ نەكەوتووەتەوە، بەڵام لەم دۆخەدا كە گۆڕانكاری جددی لەناوچەكەدا روویداوەو وەرچەرخانێكی دیكەش بەڕێوەیە، تا چەندە هەوڵتان داوە پێكهێنانی بەرەی كوردستانی لە قاڵبی دروشم دەربچێت، یان وەك لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لانیكەم جۆرێك لە هەماهەنگی لەنێوان خۆتاندا دروست بكەن؟

** مەسەلەكە لەوە گەورەترە كە لەبەردەم مایك، یان لە سیمینارێكدا باس بكرێت. یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان ٢٥ ساڵ لەمەوبەر لەنامیلكەیەكدا كە لەلایەن دامەزرێنەری حزبمانەوە واتە كاك سەعیدی یەزدانپەنا تایبەت بە زەروورەتی پێكهێنانی بەرەی كوردستانی تا ئەو ئاستە باسی لێوە كردووە كە بە یەكێك لە پێشمەرجەكانی سەركەوتنی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەژمار كراوە. ئەمە لە حاڵێكدایە هەموو ساڵێك و لە هەموو بۆنەكاندا كۆمیتەی ناوەندی حزبمان ئەو مەسەلەیە دەمەزەرد دەكاتەوە. بەڵام ئەمە نەبووەتە كەلتووری هەموومان، تاكو ئێستا مەسەلەی پاراستنی بەرژەوەندی حزبی باڵادەستترە لە مەسەلەكانی دیكە و پرسی نەتەوەیی.

 

 * كۆبوونەوەی هەندێك لە حزبە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەپێناوی هەماهەنگی و كاری هاوبەش تا چەند پرۆسەیەكی كارایەو ئەوەش كە دەگوترێ جۆرێك لە تەریكخستن، یان نادیدەگرتنی لایەنگەلێكی دیكەی لێ كەوتۆتەوە، تا چەندە راستە؟

 ** خۆزگە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خاوەن ئەو كەلتوورە سیاسییە بووایەن كە كۆبوونەوەكانمان بۆ پێشخستنی پرۆسەكە بووایە، من لە یەك دەیەی رابردووەوە تاكو ئێستا شاهیدی یەك كۆبوونەوە نەبووم كە خزمەت بە پرسی كوردی ڕۆژهەڵات بكات. لەراستیدا حزبی سیاسی دەبێت پێشڕەو بێت و پێش ئەحداس بكەوێت، بەڵام هەر كاتێك شتێك روودەدات، ئەوە لەپاش روودانەكە ئێمە دەكەوینە خەیاڵی ئەوەی كە چی بكەین؟ ئەم وەڵامانە رەنگە عومق و قووڵایی فەلسەفییان نەبێت، بەڵام ئەگەر راستگۆیانە و بەرپرسیارانە لەگەڵتان بدوێم، هەر وەڵامێكم لەوپەڕی قووڵایی مەوزووعەكەدایە.

 * بە یەكگرتنەوەی ديموكرات و كۆمەڵەكان تاچەند زەمینەی هاوكاری و خەباتی هاوبەشی گشت حزب و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خۆش دەكات؟ 

** ئەگەر راستگۆ بم لەگەڵتان ئەوە دەبێ بڵێم نەك بە یەكگرتنەوەی ئەوان، بەڵكوو بە یەكگرتنەوەی سەرجەم ئەو حزب و لایەنانەی كە ئینشعاب و دوولەتبوونیان تێ كەوتووە، هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ ڕوونادات. لەساڵی ٢٠٠٧هەموومان ئینشعابمان تێكەوت، بەڵام پێش ٢٠٠٧ خۆ ئینشعاب نەبوو، كەچی هیچ هاوكاری و هەماهەنگییەكی ئەوتۆشمان لەمابەیندا نەبوو. بە بڕوای من یا دەبێت لە هەوڵی گۆڕینی ئەو كەلتوورە زاڵەدا بین كە لەو چەقبەستووییە دەربێین، یاخود زلهێزێكی دەرەكی بەرەو ئاراستەی هەماهەنگی و یەكڕیزیمان بەرێت.

 * ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەمێكە دۆسیەی ناوكی، پرسی دێموكراسی و فایل و راپۆرتەكانی مافی مرۆڤ لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران دەجووڵێنن، تاچەندە بەوە گەشبینن كە ئەو فشارانە ئەگەری رێفۆرم لەو وڵاتەدا بڕەخسێنێ و ئایا تا ئێستا كاریگەرییەكی ئەرێنی هەبووە؟ 

** من فشارەكانی ئەمریكا و ئوروپا بۆسەر رێژیمی ئێران بەجددی نابینم، لانیكەم تاكو ئێستا زۆر كاریگەری نەبووە، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەشەوە پێكهاتەی كۆماری ئیسلامی ئێران و سەرجەم داگیركەرانی كوردستان و دیكتاتۆرەكان وانەبووە كە هەر جۆرە لە فشار بەرەو رێفۆرمیان بەرێت، نموونەی ئەو جۆرە دەوڵەتانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەم نییە، یان دەبێت بە گورزی سەربازی، یان راپەڕینێكی خاوەن پشتیوانی دەرەكی بەرەو نەمانیان بەرێت، دەنا رێفۆرم زۆر ئاستەمە و لە روانگەی منەوە تەنیا دەوڵەتانی خاوەن پێشینەی دیموكراسی جەوهەری رێفۆرمیان تێدا مەوجوودە. 

* دواپرسیارمان با گریمانەی ئەوە بێت كە كۆماری ئیسلامی ئێران داوای وتووێژ و چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە ئێران بكات، ئەگەر وەك رێكخراوێكی سیاسی مافی چالاكی سیاسی و مەدەنیتان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێ بدرێت، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشنیارە دەكەن و تاچەندە ئەو ئەگەرە بە بەشێكی مەحاڵ دەزانن؟

 ** بەپێی شناخت و ناسین و ئەزموونێك كە لە رێژیمی ئێرانمان هەیە، من ئەو ئەگەرە بە مەحاڵ دەزانم. بەڵام هەر كاتێك ئەو رێژیمە پاشگەز بوو لە نەفی كردنی ئێمەو دەستی هەڵگرت لە ئێعدامی رۆڵەكانی نەتەوە بندەستەكان و هاتە سەر ئەو سیاسەتەی كە چارەسەری كێشەی گەلانی بندەست لە رێگەی دیالۆگ و وتووێژەوە بێت و بۆ خەباتی سیاسی و مەدەنی دەرفەتی رەخساند، ئەوە بێ یەك و دووكردن ئێمە رازی دەبین و مێتۆدی خەباتمان دەگۆڕین.

 

 

خوێندنەوە 237 جار
دەنگ بدە بەم بابەت
(1 دەنگدان)
بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێکەوتن
خوێندنەوە کد خبر: 778

نووسینی بۆ چوون

دڵنیابە لەوەى بۆشایی (*)پڕکردووەتەوە.کۆدی هتمڵ ناچالاکە.

راپۆرتی کەناڵی وار تیڤی لەسەر تێکەڵبوونی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە پارتی ئازادی کوردستان

دوایین هەواڵەکان

روک تیڤی

Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی
Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی
Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی
Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی

roji-kurd

ئەرشیڤی رۆژنامەی رۆژی کورد:

1  2 3 
 5
 9  10  11  12
13  14   15  16

لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان دا بن:

هەواڵنامەی ماڵپەڕەکەمان