بۆ رای گشتی با بە هەڵوێستەكانمان پێش بە كرداری دزێو و نامرۆڤانەی دەزگای پاراستنی پارتی دێموكراتی كوردستان بگرین

  • دوو شەممە, 13 بەفرانبار 1395
  • نووسراوە لەلایەن:  Rukurdistan
  • قەبارەی فۆنت کەمکردنەوەى قەبارەی فۆنت زیادکردنی قەبارەی فۆنت

بۆ رای گشتی 

با بە هەڵوێستەكانمان پێش بە كرداری دزێو و نامرۆڤانەی دەزگای پاراستنی پارتی دێموكراتی كوردستان بگرین 

هاونیشتمانیانی خۆڕاگر

حزب و رێكخراوە سیاسیەكانی كوردستان 

كۆڕ و كۆمەڵە مرۆڤدۆستەكان 

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان 

لەپاش ئەوەی كە چەندین جار لە چەند مانگی رابردو بە بڕیاری دەزگای پاراستنی پارتی دێموكراتی كوردستان هێرش كرایە سەر بنكە و بارەگاكانی یەكێتیمان و هاوكات لەگەڵ بێڕێزی و هەڕەشەی توند لە ئەندامانی حزبمان، بێ هیچ هۆكار و دوور لە بنەماكانی خانەخوێیی و میوان، ناجوامێرانە و ناكوردانە چەند ئەندامێكی حیزبمانیان راپێچی بەندیخانەكان كرد كە تێیدا بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانییەكانی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان یەك لەو هاوڕێیانەیە كە تاكو ئێستاش لە بەندیخانەكانی پارتی دێموكراتی كوردستاندایە.

ئەم كردارەی دەزگای پاراستنی پارتی دێموكراتی كوردستان زامی كۆنی لەدەستدانی شۆڕشگێڕی رۆژهەڵاتی كوردستان كاك "سولەیمان موعینی" و كرداری "قیادەی موەقەت" (سەركردایەتی كاتی) پارتی دێموكراتی كوردستان دەرهەق بە كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان و كۆمەڵكوژیەكەی ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە گەڕەكی عەنكاوەی شاری هەولێر و دەیان كرداری لەو چەشنەی بیر خستینەوە و ئەو پەیامەی پێداین كە كورد وتەنی "خوویەك فێربووی بە شیری، تەركی ناكەی بەپیری" واتە ئێمەی لایەنە سیاسیەكانی تر بە هەڵەدا چووین كە لە فكر و كرداری پارتی دێموكراتی كوردستاندا گۆڕانكاری روویداوە، هەر ئەوەش بووە هۆكاری ئەوەی كە جارێكی تریش پێداچوونەوەمان كرد كە سنووری دەسەڵاتی پارتی دێموكراتی كوردستان نەك بۆ یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان بەڵكوو بۆ هیچ تاكێكی سەربەخۆ و خاوەن هەڵوێست ئەمان نیە. 

كۆمیتەی ناوەندی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان لەسەر بنەمای هەست بە بەرپرسیاری كردن و هەستكردن بەو دۆخە مەترسیدارەی كە كوردانی هەرچوار پارچەی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، دانمان بە جەرگی خۆمان دانا و تەنها بە چەند دێڕێك باسمان لەوە كرد كە هاوڕێ سمكۆ یەزدانپەنا سكرتێری گشتی حیزبمان و چەند كادر و پێشمەرگەیەكمان لەژێر گوشاری دەزگا ئەمنیەكانی پارتی دێموكراتی كوردستان زۆنی زەردیان بەجێ هێشت. 

ئەم هەواڵەمان بەمەبەستی وشیاركردنەوەی بەرپرسانی باڵای پارتی دێموكراتی كوردستان بوو كە ئاگادار بن و پێش بەو كردارە دزێوانەی دەزگای پاراستنی پارتی بگرن و چیتر خۆیان شەرمەزاری گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و مێژوو نەكەن و بە ئازاد كردنی هاوڕێیانمان و گەڕانەوەی بارەگاكانمان دۆخەكە لەمابەینماندا ئاسایی بكەنەوە. مخابن سەركردایەتی پارتی دێموكراتی كوردستان نەك هەر هەڵوێستیان لەمەڕ كرداری ناجوامێرانەی دەزگای پاراستنی حیزبەكەیان كە دەقاودەق كۆپی دەزگای تیرۆریستیەكانی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران و میتی توركیەیە نەگرت، بەڵكو شاهیدی ئەوەش بووین كە لە چەند حەوتووی رابردوودا ژن و منداڵی پێشمەرگەكانی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان هەڕەشەی مانەوەیان لە زۆنی زەرد لێكرا و بەو سەرمای زستانە ئاوارەی شار و شارۆچكەكانی ناوچەیەكی دیكەی كوردستان كران و بە بەرچاوی خەڵكانی دانیشتووی گوندەكانی "گەرەوان" و "مامەجلكە"ی خۆشناوەتی دەستیان دایە تاڵانكردنی بارەگای سەركردایەتی حیزبە تێكۆشەرەكەمان. 

كۆمیتەی ناوەندی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان لەم راگەیەندراوەدا كە بۆ رای گشتی بڵاوی دەكاتەوە، رایدەگەیەنین كە بە دڵنیاییەوە كرداری دەزگای پاراستنی پارتی دێموكراتی كوردستان بێ وڵام ناهێڵینەوەو چیتر دۆخەكە رەچاو ناكەین و بەردەوام دەبین لە لەقاودانی كرداری نامرۆڤانە و ناكوردانەی پارتی دێموكراتی كوردستان. 

هەر لەو پەیوەندیە دا بە پێویستی دەزانین كە رایبگەیەنین كە دەزگای پاراستنی پارتی دێموكراتی كوردستان تەنها بە دوو هۆكار هێرشیان كردە سەر بارەگا، سكرتێری گشتی و، ئەندامانی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان:

1 – لەگەڵ دەستپێكی هێرشەكانی هێزە تیرۆریستییەكانی داعش بۆ سەر "رۆژئاوا"ی كوردستان لەسەر بڕیاری كۆمیتەی ناوەندی یەكێتیمان دەیان شەڕزان و پێشمەرگەی لێهاتوومان بەبێ رەچاوكردنی سنوورە سیاسیەكانی مابەینی كوردستان لە رێگای چیای سپی و بە هەماهەنگی بەرپرسانی "پەیەدە" و "یەپەگە" ناردە چیای قەرەچوغ لە كانتۆنی "جەزیرە" و لەو ماوەیەشدا بە دانی دوو شەهید بە ناوەكانی "سیامەند مورادیان" خەڵكی "مهاباد" كە لە 29/12/2014 لە رێگای "جەزعا" و "ئەرجەع"ی رۆژئاوای كوردستان بۆ "شەنگال" لە باشووری كوردستان لە شەڕێكی قارەمانانەدا شەهیدكرا و "سامان رۆستەمی" خەڵكی شاری بانە كە لە 29ی مارسی 2015 دووهەم شەهیدی یەكێتیمان لە رۆژئاوای كوردستان و بریندار بوونی شەش پێشمەرگەی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان. 

دوابەدوای هێنانەوەی تەرمی شەهیدەكانمان و بەخاك سپاردنیان لە گوندی "بەرەكە"ی دۆڵی خۆشناوەتی لە نزیك بارەگای سەركردایەتی حیزبمان، ئەم هەڵوێستە ئەخلاقی و نەتەوەییەی ئێمە بووە مایەی سەرنجی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و خاوەن هەڵوێستان و بەرزیان نرخاند. بەڵام زۆری نەخایاند كە دەزگای پاراستنی پارتی دێموكراتی كوردستان هەر لەو پەیوەندییەدا دەستی دایە پیلانگێڕان لە دژی سكرتێری گشتی و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی یەكێتیمان و دەرئەنجام پێشمان پێ گیرا كە چیتر پێشمەرگە رەوانەی رۆژئاوای كوردستان نەكەین، كە دیارە كۆمیتەی ناوەندی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان هیچ كاتێك نەچووە ژێرباری گوشارەكانی دەزگای پاراستنی پارتی دێموكراتی كوردستان و تاكو ئێستاش بە پێچەوانەی ویست و خواستی هەمیشەیی پارتی دێموكراتی كوردستان ئێمە سەربەخۆیی لە بڕیاری سیاسی و تەشكیلاتی خۆمان پاراستوە. 

2 - دەزگای پاراستنی پارتی دێموكراتی كوردستان چەندین جار بە ناردنی نوێنەرەكانیان كە دیارە ناوەكانیان لە لای ئێمە پارێزراوەو لەكاتی خۆیدا بە ناوەوە لەقاوی دەدەین، بۆلای سكرتێری گشتی حیزبمان و چەندین جار بانگ كردنی هاوڕێ سمكۆ یەزدانپەنا بۆ ناو بارەگای سەرەكی پاراستنی پارتی دێموكراتی كوردستان لە شارۆچكەی مەسیف سەلاحەدین "پیرمام" بە دانی پێشنیاری ئیمتیازات و بەڵێنی جۆراوجۆر تا دەگاتە چاو سووركردنەوە و هەڕەشەی جیدی تەنها و تەنها بۆ تێكەڵبوونەوەمان بەو گرووپە سیخوڕ و ماستاوچیەی كە لەژێرناوی پارتی ئازادی "پاك" دا پتر لە 9 ساڵە راستەوخۆ فەرمان لە دەزگای پاراستنی پارتی دێموكراتی كوردستان وەردەگرن تێكەڵ ببینەوە، كە دیارە لەو پەیوەندییەش دا هەر سەریان لە بەرد درا و رووبەڕووی هەڵوێستی توندی كۆمیتەی ناوەندی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان بوونەوە. 

كۆمیتەی ناوەندی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان هەر لەو راگەیاندراوەدا داوا لە سەرجەم حیزب و رێكخراوەكانی چوارپارچەی كوردستان دەكات كە لەو پەیوەندییەدا بێ هەڵوێست نەبن و بە هەڵوێست وەرگرتن پێش بە كرداری دزێوو تۆقێنەر و نابەرپرسیارانەی دەزگای پاراستنی پارتی دێموكراتی كوردستان بگرن و بۆ ئازادكردنی هاوڕێیانمان كە لەپاش ئەشكەنجەدانێكی زۆری جەستەیی لە بەندیخانەی شارۆچكەی "هەریر"ەوە رەوانەی گرتووخانەی شاری هەولێركراون، ئەركی ئەخلاقی خۆیان بەجێ بگەیەنن. 

لە كۆتاییدا گەلی خۆڕاگری رۆژهەڵاتی كوردستان بەگشتی و كادر و پێشمەرگە و لایەنگرانی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە تا بەدیهێنانی رزگاری و سەربەخۆیی و دادەپەروەری كۆمەڵایەتی هەر پێشەنگ دەبین لە داهێنان و هەر پێشمەرگەی گەل دەمێنینەوە و كرداری دەزگای جاش پەروەری پاراستنی پارتی دێموكراتی كوردستانیش ناتوانێت پێش بە پارێزگاریمان لە غرورو كەرامەتی كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان بگرێت. 

بژی كورد، پایەداربێ كوردستان 

كۆمیتەی ناوەندی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان 

2/1/2017

 

خوێندنەوە 583 جار
دەنگ بدە بەم بابەت
(1 دەنگدان)
بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵی حیزبی
خوێندنەوە کد خبر: 824

نووسینی بۆ چوون

دڵنیابە لەوەى بۆشایی (*)پڕکردووەتەوە.کۆدی هتمڵ ناچالاکە.

راپۆرتی کەناڵی وار تیڤی لەسەر تێکەڵبوونی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە پارتی ئازادی کوردستان

دوایین هەواڵەکان

روک تیڤی

Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی
Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی
Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی
Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی

roji-kurd

ئەرشیڤی رۆژنامەی رۆژی کورد:

1  2 3 
 5
 9  10  11  12
13  14   15  16

لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان دا بن:

هەواڵنامەی ماڵپەڕەکەمان