سیاسەت و پلانی نێودەوڵەتی ئەمساڵ، كورد بەرەو كوێ دەبات؟ ...

  • قەبارەی فۆنت کەمکردنەوەى قەبارەی فۆنت زیادکردنی قەبارەی فۆنت

سیاسەتی ساڵی تازە كە خەریكین 6 مانگی یەكەمی تێدەپەڕێنین پێوەندە بە هێندێك بابەتی هەستیارەوە كە هەوڵ ئەدەم بە كورتی باسیان بكەم.

جەمسەری دیكتاتۆرە زەبەلاحەكان و هەژمونییان لە دنیای تازەدا بووەتە كێشەیەكی گەورە و لە جاران زیاتر پەلەقاژەی مانەویان دەكەن ئەمەش مەترسییەكی گەورەی بۆ گیانی ئازادییە گەردوونییەكانی مرۆڤ هەیە.

چین و رووسیا وەك دوو جەمسەری زەبەلاح كە بە تازەیی خەریكن هێند - ی پڕ لە هەژاریشی تێوە دەگلێنن، بوونەتە مایەی خاوبوونەوەی هەڵوێستی ناوەندە جیهانییەكان.

روسەكان ساڵانێكە باس لە قوربانیكردن هەموو وڵاتان لەسەر بەرژەوەندییەكانیان دەكەن و بە سیاسەتێكی دوو لایەنەوە (دۆستین بەڵام خۆمان دەتكورۆژین!) درێژە بە 

ژیانی سیاسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی خۆیان لەسەر ئەم هەسارەیە دەدەن.

یەكێك لە ئاواتەكانی "پێتر"ی مەزن پاشای بە ناوبانگیان كە دەتوانین بڵێین مامۆستای دەسەڵاتدارانی كۆن و تازەی ئیمپراتووریای رووس بووە لە باری دیپلۆماسییەوە، ئەوە بووە كە ئێران داگیر بكات و بگەن بە ئاوە گەرمەكان.

ئاوە گەرمەكان تەنیا كانگای ژیان نەبوون بەڵكو رێگای گرتنەدەستی دەسەڵاتی ئابووریی دنیا بوو، كە رووسەكان چەندین سەدەیە هەوڵی داگیركردنی دەدەن و لەم بوارەشدا خاوەنی ئەزموونێكی زۆرن و نایانەوێ ئێران و دۆستایەتیكردنی لە كیس بدەن.

چین – یش وەك لایەنێكی تازەی خاوەن پارە و بەرهەم بە دوای تێركردنی هەژدیهاسوورەكەیدا وێڵە و لەبەردەمیدا مەیدانێكی ئاوەڵا هەیە كە جاروبار پێشی پیدەگرن.لەم نێوەدا بۆ رازیكردنی ئەم دوو لایەنە جاروبارە مانۆری سیاسی و تەهدیدی سیاسیش بەڕێوە دەبێت.

لە لایەكی دیكەوە ئیسلامی سیاسی بە هەوڵەكانی خۆی و بە ئاراستەجیاوازەكانی خۆی شادەماری ئابووریی جیهان دەلەرزێنێ.

بوونی 63% نەوتی خاوی دنیا لە رۆژهەڵاتی ناوینی ئیسلامیدا ئەوە بە جیهان دەڵێت كە نابێ ئەم هەیكەلە سێ سەرە (ئێران و شیعەكان – ئیخوانییە تازە و كۆنەكان بە سەركردایەتی توركەكان – ئەلقاعیدە و توندئاژۆكان) زۆر تووشی كێشە و ئاڵۆزی بكەن و دەبێ بۆ دابینبوونی بەرژەوەندییەكانیان رێگەی ئاشتی و دانووستان بگرنەبەر.

یەكێتی ئوروپاش بە خۆی و كێشەكانی ناوچەی یۆرۆیەوە دەیەوێ هەناسە مێژووییەكانی خۆی كە بریتییە لە مەیدانداریكردن و بەربەرەكانێی ئامریكا، بەرینتر بكات و گەشەی پێویستی خۆی پەرە پێبدات.

ئێرانیش بە خەونە مەترسیدارەكانیەوە بە تەنیایی خەریكە هاوسەنگیی جیهانی تێك ئەدات.

لە راستیدا كێشەی ئێران بۆ ئورووپایی و بە تایبەت جولەكەكان وەك كێشەی ئاڵمانی نازی وایە، ئەوان نایانەوێ بە هیچ شێوەیەك رووس و چین بە دەوریەوە بن و ئێرانیش بەم بابەتەی زانیوە كە ئەگەر بتوانێ رەزامەندیی رووس بەدەست بێنێ دەتوانێ بۆ ساڵانێكیتر درێژە بە ژیانی دەسەڵاتەكەی خۆی بدات.هیتلەر بە هۆی ئەوەوە تەنیا بوو شكستی هێنا و لە چەند بەرەی شەڕدا نەیتوانی بەربەرەكانێ بكات.دیارە كێشەی ئێران جیاوازترە و ئێران بە شێوازێكیتر دەیەویً بەسەر گەمارۆكاندا باز بدات و بەردەوام لە جیهانی برسیی ئەمڕۆدا ئاڵتێرناتیڤ دروست بكات.

خاڵێك دەبێ بە تەوەری هێرشی ئەمساڵ و پەلاماردان : ئێرانی ئەمساڵ ئەو خاڵەیە.

لە جیهانی 2012 دا تەوەرێك هەیە كە هەموو لایەك لەسەری گرەو دەكەن و ئەمەش بۆ تەنیا یەك لایەن مایەی دڵخۆشییە.

ئێران ئەو تەوەرەیە كە تەنانەت لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆككۆماریی ئامریكاشدا گرەویان لەسەر بەستووە و ئەو لایەنەی زیاتر بەرژەوەندییەكانی ئامریكا لە ئێران وەربگرێت لایەنی براوەیە.

بوونی ئاژاوە وەك رەگەزێك بۆ شەرعییەتی مانەوەی هێزەكان لە خۆرهەڵاتی ناویندا و دابینكردنی بەرژەوەندییەكانیان و هاتوچۆیان بۆ هەموو شوێنێك لەم ناوچەیەدا وەك بەشێك لە ئیمپراتوورییەتی رێگەپێدراوی خۆیان بۆ دەستێوەردان و سیاسەتگوزاری لە ئاستێكی بەربەریندا وا دەكات بە زوویی نەتوانن ئاراستەی سیاسەتەكانیان بگۆڕن.یانی زلهێزەكان پێشبینیی ئەم دۆخە ناسكەی ئێستایان نەدەكرد كە بەو شێوەیە تووشی راچەنینی جیهانی نووستووی رۆژهەڵاتی ناوین ببنەوە.

ئامریكا و هەڵبژاردنی بژاردەی نوێی سەركۆماری

ئامریكاییەكان نایانەوێ جارێ و لەم قۆناغە هەستیارەدا بەرەڕوی كێشەی ناوخۆیی ببنەوە.بە تایبەت حیزبەكانی كۆماری و دێمۆكرات لەبەردەم تاقیكارییەكی دیكەدان و دەیانەوێ سەرۆكی تازە دیاری بكەن و لەم كاتەدا و بە تایبەتیش كە دەوری دووهەمی سەرۆكایەتیی ئۆباما و دێمۆكراتەكانە، نایانەوێ لەسەر بابەتێكی وەك ئێران بدۆڕێن.چونكا دەتوانن بە بێ منەتی و لە دەوری دووهەمدا گورزی خۆیان لە ئێران بوەشێنن و بۆ ئەم بابەتە، خەڵكی ئامریكا و حیزبەكانیشی لەبەردەم دووڕییان و قەیرانێكی دیكەدان.

ئەگەر ئێران ببێتەوە بە ئامانجی لێدانی ئامریكا، ئەوا ئەمجارە بێگومان لە نەبوونی هاوپەیمانی خاوەن وزەی وەك فەرانسە و وڵاتانی یۆرۆدا كە تووشی كێشەی ئابووری هاتوون، چۆن دەتوانێ قەیراێكی دیكە و هەڵشكانێكی دیكەی وەك ساڵی 2008 تێپەر بكات؟ ئەمە ئەو قەیرانە خوازراوەیە كە گەلی ئامریكا دەیەوێ كەمترین باجی بۆ بدات.

جوڵانەوەی كورد و دیپلۆماسییەتی تازەی: دەربازبوون لە قەیرانە كۆنەكە !

كوردەكان لەم قۆناغەدا بەرەوڕووی دۆخێكی تایبەتی مێژووی بوونەتەوە.لە توركیا بەو هەموو مانۆڕەی كە ئاكەپە لە هەزارەی تازەدا داویەتی و تا ڕادەیەكیش توركیای هێنایەوە ناو بازنەی دەسەڵاتی جیهانی، كە لە خۆرهەڵاتدا وەك لایەنی دۆستی ئامریكا و سەرگرووپی موسڵمانانی سوننەكان بناسرێ، چیدی ناتوانێ بەو هەناسەیەوە 2012 تێپەڕ بكات.

ژێنڕاڵەكانی خۆی دەكا بە قوربانی.حیزبە كوردییەكان و چالاكانی مەدەنی و سیاسی دەگرێت و بە بەردەوامی كێشەی لەگەڵ شۆڕشی كورد لە چیاكان هەیە.ئەمەش وایلێكردووە كە بێت و بە بێ ئەوەی لەگەڵ كوردەكانی خۆی دانوستانی تەواو بكات و مافەكانیان بدات، تەنیا لەگەڵ كوردانی باشووردا دۆستایەتی و پێوەندی پەرەپێدەدات.و بەم شێوەیە وا خۆی دەربخات كە ئێمە دۆستی كوردین و كورد لە توركیا كێشەی ییە.

لە لایەكی دیكەوە ئێران بەو هەموو قەیرانەیەوە خاوەنی ئۆپۆزیسیۆنێكی نایەكگرتووە و ئەمەش وایلێكردووە لە قەیرانە ناوخۆییەكان تێپەڕبكات و دەروەستی كێشەی گەلانی وەك كوردی بندەستی خۆی نەبێت.یانی بە شێوەیەكی پاوانخوازانە لە ناوچە كوردییەكاندا پەل بهاوێ.لە باشووری كوردستانیشدا ئەوە ئێرانە قسەی یەكەم بۆ تیكدانی بارودۆخەكە دەكات و لە دوایین كرداری تێكدەرانەی خۆیدا پارلمانی كوردستانی كردە نیشان.

لە رۆژئاوای كوردستانیش بە چاوی خۆمان دەیبینین هەژموونی ئێران دەسەڵاتی ئەسەدی راگرتووە و دەیان هەزار قوربانیی بە شۆڕشی ئەو وڵاتە داوە كە ئەم دەسەڵاتە یەكێكە لە داگیركارانی كوردستان.

لەو باوەڕەدام كە تا كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەكانی ئامریكا سیاسەتی جیهانی سیاسەتی یاریكردنە.سیاسەتی خافڵاندنی ئێرانە و ئێرانیش ئەمەی پێ‌ باشە.پاش هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری نوێی ئامریكا سیاسەتی جیهانی لە بەرانبەر ولاتانی ئێران و سووریا و رەشەكوژی و رەشبگیرییەكانی توركیاشدا دەگۆڕدرێ.مالیكیش كە بە تازەیی هەوساری پساندوە، لەوانەیە كابینەیەكی تازە دروست بكات كە كورد لەو كابینەیەدا، یان بوونی نەبێت، یان بەڵێنی یاسایی بە كورد بدات كە هەموو مافە دەستوورییەكانی بۆ جێبەجێبكات و ناوچە جێناكۆكانیش بگەڕێنەوە بۆ باوەشی كوردستان، كە ئەمەش كێشەی دیكەی كورد لەگەڵ كۆتلە شۆڤینییەكانیتری عێراقدا زیاتر دەكات.

دەتوانم بڵێم: ئەم 6 مانگەی لەبەردەمماندایە، چارەنووسی دیپلۆماسییەتی كورد و رۆژئاوا دیاری دەكات.ئەزموونی كورد دەباتە قۆناغێكی نوێوە و بە گشتی یەكێتیی ماڵی كوردان زیاتر دەكات و ئاگاداریی جیهانیش بۆ پاڵپشتیكردنی دۆزی كورد دەباتە ئاستێكی هەستیاروەوە.دەبێ چاوەڕێی هەڵبژاردنەكانی ئامریكا و رووخانی ئەسەد و دابەزینی مالیكی لە كورسیی خۆبەزلزانیی خۆی بین.كە هەمووی ئەمانە پێوەندن بە پاشەكشەی ئێران لە ناوچەكەدایە.

03 June 2012

 

خوێندنەوە 658 جار
دەنگ بدە بەم بابەت
(0 دەنگەکان)
خوێندنەوە کد خبر: 219

نووسینی بۆ چوون

دڵنیابە لەوەى بۆشایی (*)پڕکردووەتەوە.کۆدی هتمڵ ناچالاکە.

راپۆرتی کەناڵی وار تیڤی لەسەر تێکەڵبوونی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە پارتی ئازادی کوردستان

دوایین هەواڵەکان

روک تیڤی

Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی
Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی
Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی
Category: فیلم و دوکیومێنتی حیزبی

roji-kurd

ئەرشیڤی رۆژنامەی رۆژی کورد:

1  2 3 
 5
 9  10  11  12
13  14   15  16

لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان دا بن:

هەواڵنامەی ماڵپەڕەکەمان